ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی کۆدەبێتەوەو بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات

ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨،  ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی کۆدەبێتەوەو، چەند بڕیارێكی گرنگ دەدات لەبارەی نێوخۆی حیزبەكە و، نێچیرڤان بارزانیی یان مەسرور بارزانیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی هەرێم دەستنیشاندەکرێت.

عەلی تەتەر، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە میدیای نزیک لە حزبەکەی راگەیاند" سەرجەم ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی لە کۆبونەوەکە ئاگادارکراونەتەوە و،  تێیدا چەند تەوەرێكی گرنگ دەخرێنە بەر باس كە پەیوەندییان بە پارتی و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت".

هاوکات نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەکردووە "ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان كارا نەكرێتەوە، رەنگە جارێكی دیكە كاك نێچیرڤان بارزانی رابسپێردرێتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان كارا بكرێتەوە، رەنگە نێچیرڤان بارزانی ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانیش راسپێردرێ بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوانە تەنیا سیناریۆن و فەرمی نین، بۆیە دوای كۆبوونەوەكە ئەگەری گۆڕانكاری هەیە و بڕیاری كۆتاییش سەرۆك بارزانی دەیدات".
 
هاوکات سیروان بارزانی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند "پارتی مەبەستیەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەبێت و لە رێگەی پەرلەمانەوە دەسەڵاتەكانی بۆ بگەڕێنرێتەوە، بەڵام بەر لەوە دەبێ راپرسییەک بۆ دەستوور بكرێت، ئەگەر ساڵی یەكەمی كابینەی نوێی حكومەت نەتوانرا دەبێت لە دووەم ساڵدا ئەو راپرسییە بكری َو یەكلاكردنەوەی هەموو پرسەكان لەلایەن گەلەوە بێت نەك چەند پارت و لایەنێك". 

بەپێی زانیارییەکان چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەركردایەتیی پارتیدا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانیی جێگری، یان مەسرور بارزانیی كوڕی، بۆ پێهێنانی حکومەت راسپێدرێت.



AM:09:50:03/12/2018