وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەهۆی خۆپیشاندانەکانی شاری پاریس هۆشدار دەداتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە گەشتکردن بۆ فەرەنسا.
لە راگەیەندراوێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای لە ھاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە، لە سەردانیکردنیان بۆ فەڕەنسا بە تایبەتی شاری پاریس و ئەو شارانەی کە خۆپیشاندانەکانی تیادا بەڕێوە دەچێت، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
ئەمەش لەکاتێکدایە پۆلیسی فەڕەنسا لەبارەی خۆپیشاندانی بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان-ەوە رایگەیاندووە "٤١٢ کەس لەوانەی بە ھۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژییەکانی شەقامەکانی پایتەختەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ٣٧٨ کەسیان خراونەتە بەندینخانەوە".
ئیمانوێل ماکرۆن رۆژی شەممە لەسەروبەندی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرژەنتین رایگەیاند، ئەوانەی بەرپرسن لە ئاژاوەگێڕییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆپیشاندەران ئاژاوەیان دەوێت و توندوتیژی قبووڵ ناکەین"، هەروەها بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی پاریسی بە "کۆمەڵێک گێرەشێوین کە ھیچ پەیوەندییەکان بە گوزارشتی ئاشتییانەوە نییە" ناوبرد.