خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی یەک مانگ مۆڵەت دەدەنە سەرۆکایەتی زانکۆکەیان

خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئێستا بەشێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێنەکراوە و مۆڵەتی یەک مانگ دەدەن بە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.

ڕاستگۆ قاسم نوێنەری بەشێک لە خوێندکارانی ناڕازیی لە زانکۆی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرچەند لە ماوەی ڕابردوو سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی چەند داوکارییەکی خوێندکارانیان جێبەجێکرد بەڵام ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان درێژەی پێ دەدەن هەتا تەواوی داواکارییەکان جێبەجێدەکەن.

وتیشی، جگە لە رێکارە مەدەنی و یاساییەکان دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی واژۆی خوێندکاران و ماوەی مانگێک دەدەن بە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بۆ جێبەجێکردنیان ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێت هەڵوێستی تریان دەبێت.

نوێنەری خوێندکاران داواشی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کرد،  فشار بخاتەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا هەتا دەرماڵە بۆ خوێندکاران دابین بکات و لە هەمانکاتیشدا سەرجەم ئەو باج و رسوماتانەی زانکۆ بە بیانووی پێدانی بەشە ناوخۆی و بڕوانامە و وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆدا وەریدەگرێت لابەرێت.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئەو کەسانەی کە لە زانکۆدا بە پشتگیری حزبی دانراون و دوربخرێنەوە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری خوێندکاران ئەو کەسانە دابنرێن کە سەرپەرشتی زانکۆ دەکەن.

ڕاشیگەیاند، پێویستە کۆتای بە هەڕەش و چاوسورکردنەوە لە خوێندکاران بهێنرێت چونکە داوای مافی خۆیان دەکەن نەک شتێکی تر.

ئەوەشیان ڕاگەیاند، لە پێناو بەرەو پێشچوونی ئاستی زانستی زانکۆ پێویستە هەلی زیاتر بۆ چالاکی خوێندکاران و چالاککردنی لیژنەی زانستخوازی بەشەکان بڕەخسێنرێت .

لە ماوەی ڕابردوو بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان و بوونی چەندین سەگ لە ناو بەشەناوخۆییەکان خوێندکاران خۆپشاندانیان ئەنجامدا و دواتریش بەرپرسی بەشەناوخۆییەکان ھێرشیکردە سەر خوێندکارێکی کچ  و ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتەوە.



PM:02:10:03/12/2018