نەوەی نوێ: دژی پێدانی پۆستی سەرۆکی هەرێم و حکومەتین بە پارتی

جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لە سەرجەمی حزبە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی دەکات، کە ناکرێت پارتی هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ھەبێت، لەکاتێکدا ئەو حیزبە نوێنەرایەتی کەمتر لە (١٥٪‏) ی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات.
نەوەی نوێ ڕاشیگەیاند ئەگەر هێزەکانی دەرەوەی پارتی بە راستی دەیانەوێت ململانێی پارتی بکەن و دژی تاکڕەویی پارتی بن، بە پێویستی دەزانین کاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، یاخود سەرۆکی حکومەت و ئەگەر یەکێک لەو دوو پۆستە بۆ ھێزەکانی دەرەوەی پارتی نەبێت، ئەوا پێویستە ئەو هێزانە بەشداری حکومەت نەکەن.
ڕوونیشی کردووەتەوە "ئێمە وەک نەوەی نوێ نە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هیچ هێزێکی سیاسی ئەنجام دەدەین بۆ چوونە ناو حکومەت و نە پۆستیشمان دەوێت، بەڵام ئەگەر هێزەکانی تر ئەم کارە ئەنجام بدەن، ئەوا متمانە و دەنگی فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستدەهێنن و بێ بەرانبەر پشتیوانییان لێدەکەین و کاردەکەین بۆ رێگریکردن لە قۆرغکردنی ئەم دوو پۆستە لە لایەن تەنها بنەماڵەیەکەوە لە کوردستان".
جەختیش دەکاتەوە ، ئێستا دەرفەتە و لەم کاتەدا هێزی خاوەن ئیرادە و خاوەن دیدی جیاواز دەردەکەویت، ئەگەر ھێزەکانی دەرەوەی پارتی بە شاگردیی رازی نین و هەڵپەی وەرگرتنی پۆستی بچوک و بێکاریگەریان نیە و دەیانەوێت سەرکردایەتی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەوا پێویستە کاندیدیان ھەبێت بۆ یەکێك لەو دوو پۆستە و دژایەتی عەقڵیەتی تاكڕەویی تاک بنەماڵەیی بکەن و ئێمەش وەکو "نەوەی نوێ"، پشتگیرییان لێدەکەین بە مەرجێک ئەو کاندیدە کاندیدە حیزبەکانی دەرەوەی پارتی بێت، نەک کاندیدی تاکە حیزبێک.


PM:06:10:03/12/2018