کۆمەڵ: داهاتووی پارتی بۆ مەسرور بارزانی نیمچە یەکلا کراوەتەوە

بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە کاندیدکردنی مەسرور بارزانی دەڵێت " ئاڕاستەکان بۆ ئەوە دەچن داهاتووی پارتی بۆ مەسرور بارزانی نیمچە یەکلا کراوەتەوە".

لە پۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هاوژین عوومەر نووسیوویەتی " ئاماژەکانی دیکەش بۆ ئەوە دەچن، قۆناغی داهاتووی سیاسەتکردنی پارتی، بە گرنگییدانی زیاتر بە کەسایەتیی مەسرور بارزانی دەست پێدەکات لەسەر حیسابی نێچیرڤان بارزانی. پێدانی پۆستی مسۆگەری سەرۆکی حکومەت بە مەسرور بارزانی و بەجێهێشتنی پۆستێکی پڕکێشە و نامسۆگەری وەکو سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت".

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ دەڵێت " تیمی پەرلەمانیی پارتی، هەر بە سەرۆکایەتیی کادرێکی ژێردەستەی مەسرور بارزانی بەڕێوە دەبرێت، کە ئەویش هێمن هەورامییە.. ئەمە جگە لە ئاماژەکانی پشت هاوەڵییکردنی مەسرور بارزانی لەگەڵ باوکی بۆ سەفەری ئەمدواییەی بەغدا و ژمارەیەک لە وڵاتانی دەرەوە..کەواتە ئاڕاستەکان بۆ ئەوە دەچن داهاتووی پارتی بۆ مەسرور بارزانی نیمچە یەکلا کراوەتەوە".

دەقی نووسینەکەی هاوژین عومەر
دوو کۆمێنتی خێرا سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت
هاوژین عومەر
یەکەم: ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن پارتی دیموکراتی کوردستان لوتبەرزییەکی زۆر لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ پیشان بدات. جگە لەوەش، ئەو حیزبە تاکلایەنە سیناریۆکان بۆ نەخشەی سیاسی پێشنیاز دەکات.. ڕێگرتن لەو تاکڕەویی و لوتبەرزییە، بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی دیکە دەبێت بە یەکێتیی نیشتمانییشەوە. پارتی لە بەرانبەر هەنگاوە تاکلایەنەکانی خۆی، گرنگە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کاردانەوە و هەڵوێستی سیاسیی توندی دەستەجەمعی ببێتەوە.
ئەوەی هەستی پێدەکرێت، بەر لە پێکهێنانی هەر کابینەیەک، پارتی بە سیاسەتی (پەرت کە و زاڵ بە) دانوستانەکانی دەست پێدەکات، هەمیشە لە نێوان گۆڕان و یەکێتی یەکێکیان گرنگی پێدەدات، لە ناو ئیسلامییەکانیش هەروا، بەمەش جیاوازیی و خیلافی گەورە لە نێوان ئەو لایەنانە لە بەرژەوەندیی خۆی دروست دەکات. ئا لێرەوە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنەکانی دیکە و وەلانانی جیاوازییەکانیان لە بەرانبەر تاکڕەوییەکانی پارتی، دەردەکەوێت.
دووەم: ئاماژەکانی دیکەش بۆ ئەوە دەچن، قۆناغی داهاتووی سیاسەتکردنی پارتی، بە گرنگییدانی زیاتر بە کەسایەتیی مەسرور بارزانی دەست پێدەکات لەسەر حیسابی نێچیرڤان بارزانی. پێدانی پۆستی مسۆگەری سەرۆکی حکومەت بە مەسرور بارزانی و بەجێهێشتنی پۆستێکی پڕکێشە و نامسۆگەری وەکو سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت..
نەک بە تەنها لە حکومەت، بەڵکو لە پەرلەمانیش، تیمی پەرلەمانیی پارتی، هەر بە سەرۆکایەتیی کادرێکی ژێردەستەی مەسرور بارزانی بەڕێوە دەبرێت، کە ئەویش هێمن هەورامییە.. ئەمە جگە لە ئاماژەکانی پشت هاوەڵییکردنی مەسرور بارزانی لەگەڵ باوکی بۆ سەفەری ئەمدواییەی بەغدا و ژمارەیەک لە وڵاتانی دەرەوە..
کەواتە ئاڕاستەکان بۆ ئەوە دەچن داهاتووی پارتی بۆ مەسرور بارزانی نیمچە یەکلا کراوەتەوە.



PM:11:23:03/12/2018