وەزیری تەندروستی دوا زانیاری لەبارەی ڕەوشی تەندروستی پزیشكەكەوە ئاشكرادەكات

ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا بارودۆخی ئەو پزیشكە جێگیرە كە دوێنێ هێرشكرایە سەری و برینداربوو.

 ڕێكەوت حەمە ڕەشید لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو نەشتەرگەری بۆ پزیشكی نەشتەرگەری كەمال ئەحمەد سەعید كراوە و لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە، وتیشی، دەزگا ئەمنییەكانی شاری سلێمانی لەسەرهێڵن هەتا لە ماوەیەكی كەمدا ئەو تۆمەتبارە دەستگیربكەن كە تەقەی لە دكتۆر كەمال ئەحمەد كردووە.

 وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا هۆكاری تەقەكردنەكەی نەزانراوە و چاوەرێی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنیەكانن.

ئێوارەی دوێنێ ٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٨، پزیشكێكی پسپۆری نەشتەرگەری لە نۆرینگەی تایبەتی خۆی لە شەقامی ئۆرزدی(گۆران) لە شاری سلێمانی تەقەی لێكرا و بەسەختی برینداربوو.

ئەو ڕووداوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە ئەمڕۆ پزیشكانی شاری سلێمانی و هەولێر و گەرمیان دژی ئەو ڕوداوە گردبوونەوە و داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كرد تۆمەتبارەكە دەستگیربكات و سەلامەتی گیانی پزیشكان بپارێزێت.



PM:01:11:04/12/2018