هۆشیار زێباری هۆشداری لە شكستهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەدات

هۆشیار زێباری هۆشداری دەدات لەبارەی شكستی عەبدولمەهدی بۆ تەواوكردنی كابینە وەزاریەكەی و دەڵێت "جەمسەربەندی توندی شیعەكان حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بەرەو شكست دەبات".

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاند "عادل عەبدولمەهدی لە تێپەڕاندنی هەشت وەزیری نوێی حكوومەتەكەی شكستیهێنا و نەیتوانی حكوومەتەكەی تەواو بكات".

زێباری لەبارەی هۆكاری پشت ئەو شكستەی عەبدولمەهدیەوە نوسیویەتی "هۆكارەكەشی خراپی پلاندانان و بەدینەهاتنی تەوافوقی سیاسی پێویست بووە پێش ئەوەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی رونیكردووەتەوە "جەمسەربەندی توندی سیاسی شیعەكان و قوڵی قەیرانەكان و لەرزۆكی پاڵپشتیی سیاسی كوتلەكان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەرەو ئاراستەی شكستهێنانی حكوومەتی ئێستا دەڕوات و پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی گەل و وڵاتە".

هۆشیار زێباری هۆشداری دەداتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەڵێت "ئەوەی ڕویدا گولـلەی ئاگاداركردنەوه ‌و پەیامێكی نیگەرانكەرە و لە داهاتوودا گەورەتر دەبێت".

ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی متمانە بەو كەسانە بدات كە كاندیدكرابوون بۆ پۆستە وەزاریەكان و دانیشتنەكە ئاڵۆزیی لێكەوتەوە و بۆ كاتێكی تر دواخرا و تا ئێستا هەشت وەزارەت بێ وەزیر ماونەتەوە.



PM:12:01:05/12/2018