هاوسەری ئەو پزیشكەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەسلێمانی تەقەی لێكرا ڕونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتیی بڵاودەكاتەوەودەشڵێت "متمانەمان بەدەزگا ئەمنیەكانی شارەكەی خۆمان هەیە و دڵنیاین ئەنجامدەرانی دەدۆزرێنەوە".
كاتژمێر 11:30 خولی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 5ی 12ی 2018 دكتۆرە هاژە عەبدوڵڵا هاوسەری پزیشكەكەی سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سازكرد و وتی"لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی بەردەوامەو ئێمەش وەكو خانەوادەو كەسوكاری د.ئەحمەد پێش لێكۆڵینەوەكان ناكەوین و چاوەڕوانی ئەنجام دەكەین".
چەند ساڵێك بەرلەئێستا دزی لەو پزیشكە كراوە كە دوو ڕۆژ پێش ئێستا تەقەی لێكراو بەسەختی برینداركرا، لەو ڕوەشەوە دكتۆرە هاژە ڕەتیكردەوە ئەو ڕوداوی تەقەكردنە هیچ پەیوەندیەكی بەو كێشەیەوە هەبێت كە چەند ساڵێك بەر لەئێستا ڕویداو دزی لەدكتۆر كەمال كرا.
سەبارەت بەڕەوشی تەندروستی د.كەمال، هاوسەرەكەی ئاشكرایكرد، "لەئێستادا تەندروستی جێگیرە و تائێستاش دوو نەشتەرگەری بۆ كراوە".
سەبارەت بەلێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی، د.هاژە جەختیكردەوە، "بڕوای تەواومان بەوە هەیە دەزگا ئەمنیەكانی سلێمانی توانایان بەرزەو دەشتوانن ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە، بۆیە متمانەمان بەهێزەكانی ئەمشارە هەیەو دەشی دۆزنەوە".
د.هاژە پەیامێكیش ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی دەكات و بەپێویستی دەزانێت، هەموو ئەو نەخۆشخانەی سەردانی پزیشك دەكەن، لەكاتی ناونوسیندا پێناسیان پێبێت بۆ ئەوەی ناوەكەیان بزانرێت و وتیشی "ئەوكەسەی تەقەی لەد.كەمال كردوە، هیچ ناوێكی نییە و ناویشی نەنوسیوە، بۆیە ڕەنگە ئەمە كێشەی بۆ لێكۆڵینەوەكانیش دروستكردبێت".
هاوسەری ئەو پزیشكەی سلێمانی پەیامێك ئاراستەی میدیاكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكات و داوادەكات، "ئەو پەیوەندیە پیرۆزەی لەنێوان نەخۆش و پزیشكدا هەیە تكایە تێكی مەدەن، پێویستە ڕاگەیاندن چیتر نەبێتە هۆكار بۆ تێكدانی ئەو پەیوەندیە، چونكە لەهەر هەواڵێكی تێكدانیدا كارەسات و ڕوداوی وەكو ئەمەی ئێستای لێدەكەوێتەوە".
وتیشی "وەكو چۆن سیاسیەكان لەكۆمەڵگە جیاكراونەتەوەو لەسوچێكدان، ئێستا بەهۆی بەشێكی زۆر لەمیدیاكانەوە پزیشكانیش خراونەتە سوچێكەوە، بەڵام نابێت پزیشكان تێكەڵی ئەو پرسە بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە پزیشكیش مرۆڤەو بەشێكیان باش و بەشێكیشیان خراپن".
هاوسەری د.كەمال ڕەتیكردەوە هیچ هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتی بكەن بۆ چارەسەر، "نەخێر د.كەمال نابەینە دەرەوە و لەكوردستان چارەسەردەكرێت چونكە كوردستان ئاستی پزیشكی زۆر بەرزە و ئەوەشی لێرە بۆی كراوە، لەهیچ كوێ ناتوانرێت بكرێت".
لەوەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەنوسان سەبارەت بەو دەنگۆیەی گوایە بەهۆی ئەوەی دەرمانێكی هەڵە بەنەخۆشێك دراوە و نەخۆشەكەش توشی شەلەل بوە بۆیە ئەو ڕوداوە ڕویداوە، د.هاژە ڕەتیكردەوە و وتی "ئەوە هیچ بنەمایەكی نییە و هیچ دەرمانێكیش نییە لەدونیادا كە هۆكاربێت بۆ توشبونی كەسێك بەشەلەل".
ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە 3ی 12ی 2018 لەڕێگەی چەكدارێكەوە لەنۆرینگەی تایبەتی خۆی، تەقە لە د.كەمال ئەحمەد سەعید پزیشكی نەشتەرگەریی و مامۆستای زانكۆی سلێمانی كراو بەسەختی برینداركراو تەندروستی سلێمانیش ئاشكرایدەكات، توانراوە ژیانی لەمردن ڕزگاربكرێت.