پارێزگای سلێمانی: پردی دەرەدۆین چاکدەکەینەوە

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بەهۆی بەردەوامی بارانبارین و دروستبونی لافاوەوە پردی دەرەدۆین لە نێوان کەلار_ دەربەندیخان ڕووخا، ئەمڕۆ پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، پردەکە چاک دەکرێتەوە.

پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژەی بەوە کردووە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بڕی زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دینار تەرخان کردووە و بۆ چاککردنەوەی پردەکە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، پرۆژەی چاکردنەوەی پردەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبانی سلێمانی جێبەجێدەکرێت و لە ئەمڕۆوە دەست بەکارکردن دەکرێت تیایدا.

بەهۆی بەردەوامبوونی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە هەرێمی گرتوەتەوە، ئاو چووە ناو چەندین ماڵ و زیانی مادی زۆر بەر هاوڵاتییان کەوتووە و چەند پردێکی هاتوچۆ ڕووخاون و ئاستەنگی هاتوچۆی بەڕووی شۆفێراندا دروستکردووە.

هەربەهۆی لافاوەکەوە پردی دەرەدۆین کە دەکەوێتە نێوان دەربەندیخان – کەلار ڕووخا و هاتوچۆ لەو رێگایە پەکیکەوت و لە ئیستادا هاوڵاتیان رێگای بناری بەمۆ بەکاردێنن، رێگای چەمچەماڵ - سەرقەڵا بۆ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر بەکاردەهێنرێت.



PM:05:34:08/12/2018