هاوڵاتیان لەبارەی مەترسی بوومەلەرزەوە ئاگادار دەكرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و ئاماژە بەوەدەكات "بومەلەرزەكانی دوو ساڵی رابردوو بووەتە هۆكاری جوڵانی بەشێكی زۆر لە بەردی شاخ و گردەكان و داڕمانی شاخەكان و رووداوەكانی بەربوونەوەی بەرد لە شاخەكانی سارا لە دووكان و قۆپی لە قەرەداغ و چەندین ناوچەی دیكە، بەبەردەوامی روودەدەن".

ئەمڕۆ یەك شەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە "روودانی بومەلەرزەكانی دوو ساڵی رابردوو، بووەتە هۆكاری جوڵانی بەشێكی زۆر لە بەردی شاخ و گردەكانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمەش لە ماوەی رابردوودا رووداوی جیاوازی لێكەوتووەتەوە و مەترسی گەورەی دروستكردووە بۆ خەڵك، هەروەها بارانبارینی زۆر و كەشوهەوای شێدار، بوونەتە هۆكارێكی دیكە بۆ داڕمانی شاخەكان و بەربوونەوەی بەردی زەبەلاح و جوڵاندنیان لەشوێنی خۆیان". 

ئەوەشی خستووەتەڕوو "رووداوەكانی بەربوونەوەی بەرد لە شاخەكانی سارا لە دووكان و قۆپی لە قەرەداغ و چەندین ناوچەی دیكە، بەبەردەوامی روودەدەن، تیمەكانی شارەوانی ماندوونەناسانە خەریكی لابردنی بەربەستەكانن و پاككردنەوەی شەقامەكانن". 

ئاماژەی بەوەشكردووە "بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و بەرپرسانی شارەوانییە جیاوازەكان، داوا لە شۆفێران و خەڵك دەكەن بەپێی توانا هاتوچۆی ناوچە شاخاوییەكان كەمبكەنەوە، لەهەمانكاتدا لەكاتی تێپەڕین بە ناوچە شاخاوییەكاندا، بێجگە لە هێواشكردنەوەی تێپەڕین بەو ناوچانەدا، نزیكنەكەونەوە لە قەراغی شاخەكان و رەچاوی هاتوچۆی یەكدی بكەن".



PM:12:44:09/12/2018