دەست بەسەر بڕێك نەستەلەدا دەگیرێت

ئاسایشی سلێمانی دەستی گرت بەسەر بڕێك نەستەلەی ماوەبەسەرچووی توركیدا كە خاوەنەكەی بەنیازبووە لە بازاڕەكاندا ساغی بكاتەوە، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتیش ئاماژە بەوەدەكات، خاوەنی بڕە نەستەلەكە كاری یاسایی لەگەڵدا دەكرێت.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند "لەلایەن بەرێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگاداركراینەوە لەوەی كە لە ناو ئۆتۆمبێلێكدا دەستیان گرتووە بەسەر بڕی (6) كارتۆن نەستەلەی جۆری (لیندت)ی توركی كە ماوەكەی بەسەرچووە و شیاو نییە بۆ خواردن".

گۆران قادر، ئەوەشی خستەڕوو "بڕیاردراوە تەواوی ئەو نەستەلەیە لەلایەن لیژنەی لەناوبردن ‌و ئاسایشی ئابوری سلێمانییەوە لەناو ببرێت و خاوەنەكەشی كاری یاسایی لەگەڵدا بكرێت".

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داواشی لە هاوڵاتیان كرد لە پێناو سەلامەتی تەندروستییان، لە كاتی بینینی هەر خۆراكێك یان شمەكێكی ناتەندروست و ماوەبەسەرچوودا لیژنەكانی قائیمقامیەتی لێ‌ ئاگاداربكەنەوە.



PM:01:39:09/12/2018