بەوێنە... ڕەحیمی زەبیحی بەخاک سپێردرا

رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رەحیم زەبیحی سینەماکاری بەناوبانگی کورد لە شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئەمرۆ یەکشەممە ٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ و بە بەشداری هەزاران هاووڵاتی تەرمی رەحیم زەبیحی و کەیوانی برای لە گۆڕستانی سلێمان بەگی شاری بانە بەخاکسپێردرا.

سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی (٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) لە سەر رێگای گوندی نێزەڕۆی سەر بە شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەحیم زەبیحی دەرهێنەر و سینەماکاری بەناوبانگی کورد لەگەڵ کەیوانی برایدا بەهۆی وەرگەڕان و گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە گیانیانلەدەستدا.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو هونەرمەندە و براکەی، هەندێک لە ماڵپەڕە کوردییەکانی تایبەت بەڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، رووداوەکە گوماناوییە و چالاکانی مەدەنی و سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەزگاکانی حکومەتى ئێرانیان وەک بکوژى ئەو هونەرمەندە ناوبرد.

دواتر موحسین زەبیحی برای ڕەحیم زەبیحی ڕایگەیاند، گومانیان لە شێوازی گیان لەدەسەتدانی براکەی هەیە، پێیانوایە کوژراوە و دواتر لە ئۆتۆمبێلەکەیدا سوتێندراوە.

هەر ئەمڕۆش ئاژانسی هەواڵی مێهر نیوز لە زاری عه‌بدوڵڵا فه‌تحی جێگری پۆلیسی پارێزگای سنەوە بڵاویکردەوە، "به‌ هه‌وڵ  و وردەکاریەکانی پۆلیس، ڕۆژی ڕابردوو بکوژی هونه‌رمه‌ند ڕه‌حیم زه‌بیحی و براکه‌ی دەستگیرکراوە".



PM:03:16:09/12/2018