برایەكی سەرۆكی پێشووی گروپی ئەنسارولئیسلام ئاشكرای كرد، هەرچەندە براكەی ئامادەیە بەو مەرجەی دەستگیر نەكرێت و ڕەوانەی عێراق یان ئوردن نەكرێتەوە، ئامادەیە بچێتە ئیتاڵیا، بەڵام هەوڵەكانی پێدانی پاسپۆرتی نەرویج بە ناوبراو شكستی هێناوە.
خالید رەنجدەر، برای مەلا كرێكار، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردەوە، هەرچەندە پارێزەری مەلا كرێكار سێ هەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاندبووە كە دوو نامە ئاراستەی حكوومەت و هەواڵگریی نەرویج دەكات و دواتر نامەكانیشی ناردووە، تاوەكوو پاسپۆرتی نەرویجی پێ بدرێت و بەهۆیەوە مەلا كرێكار بتوانێت بەشداری لە دانیشتنێكی دادگای ئیتاڵیا بكات، یانیش پاسپۆرتێكی پێ بدرێت و بەهۆیەوە مەلا كرێكار بتوانێت بچێتە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید بە مەبەستی دەرهێنانی پاسپۆرتی عێراقی و دواتر گەشتكردنی بۆ ئیتاڵیا.
هەروەها لە نامەكەیدا بۆ هەواڵگریی نەرویج، داوایكردووە ناوی مەلا كرێكار لە لیستی تیرۆری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەربهێندرێت، تاوەكوو بتوانێت گەشت بۆ ئیتاڵیا بكات و لە دادگاییكردنەكەیدا ئامادە بێت، بەڵام هیچ یەكێك لە داواكارییەكان ئەنجام نەدراوە.
خالید رەنجدەر روونی كردووەتەوە كە ھەفتەی ڕابردوو دەنگوی ئەوە ھەبووە كە وەزارەتی دادی نەرویج ڕازی بووبێت بە پێدانی پاسپۆرت بە مەلا كرێكار، ”ئەگەر بیەوێت بچێت بۆ ئیتاڵیا"، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ١٢ی ٢٠١٨، پارێزەرەكەی ناوبراو جەختی كردووەتەوە كە مەلا كرێكار هیچ بەڵگەنامەیەكی فەرمی بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە داوای دواخستنی دانیشتنەكەی دادگای ئیتاڵیا دەكەن.
بە وتەی براكەی، مەلا كرێكار رایگەیاندووە كە دەچێت بۆ شاری (بولزانۆ)ی ئیتاڵیا و لە دادگاییەكە ئامادە دەبێت، بەڵام دەبێت گەرەنتی ئەوەی پێ بدرێت كە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ نەرویج لێ ناگیرێت، یان ڕادەستی (ئەمریكا، ئەردەن و عێراق) ناكرێتەوە.