نەجمەدین غوڵامی ڕەخنە لە نادیە موراد دەگرێت

هونەرمەندی ناسراوی كورد نەجمەدین غوڵامی ڕەخنە لە هەڵوێستی نادیە موراد دەگرێت، لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا و دەڵێت " نە جلی كوردی لەبەردابوو، نە باسی كوردی كرد"

لە پۆستێكیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، هونەرمەندی دیاری كورد نەجمەدین غوڵامی، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی نادیە موراد لەكاتی وەرگرتنی نۆبڵی ئاشتیدا نوسیوویەتی، "زۆر بەداخەوە نادیە لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نوبڵدا، نە جلی كوردی لەبەردابوو، نە باسی كوردی كرد، نە باسی ڕۆڵی ژنە شەڕڤانانی كرد و تەنانەت بە كوردییش قسەی نەكرد".

دوێنێ دووشەممە 10ی كانونی یەكەمی 2018 لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و لە مەراسیمێكدا، هەریەك لە نادیە موراد، كچە كوردی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موكوێگی پزیشكی كۆنگۆیی، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان بۆ ساڵی ٢٠١٨ وەرگرت.

نادیە مورد لە وتارێكدا وتی، "شەرەفێكی گەورەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێ بەخشرا”. لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو كە منداڵ بووە هیچی دەربارەی خەڵاتی نۆبڵ و وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەزانیوە، تەنها خەونی تەواوكردنی خوێندن و كردنەوەی ئارایشتگایەكی جوانكاریی خانمانی هەبوو.

نادیە لە وتەكانیدا ئاماژەی بە خراپی بارودۆخی ئێزدییەكان كرد كە چۆن پاش هاتنی داعش بۆ ناوچەكانیان، لە شەو و ڕۆژێكدا ژیانیان گۆڕاوە و هەموو ماڵێكی ئێزدیی چیرۆكێكی خەمناك و كارەساتێكی هەیە



AM:11:21:11/12/2018