وردەکاری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی

ئەمرۆ وەفدێکی باڵای پارتی و یەكێتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لەهەولێر کۆبوونەوە، لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە.
لەو راگەیاندنەدا هاتووە بڕیاردراوە" دانانی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كی ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌بوونی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌ و دیدگای هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ عێراق و ناوخۆی كوردستان و ده‌وروبه‌ر". 
ڕاگه‌یه‌نراوی هاوبه‌شی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11/12/2018 هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌. چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار و هه‌نووكه‌یی گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا:

یه‌كه‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ی باشتری په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ ئاستی پێویستی قۆناغه‌كه‌دا بێت له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پشتیوانی به‌هێز بێت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

دووم: پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدرالی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا، لابردنی به‌ربه‌سته‌كان بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و هه‌موو ئه‌و با‌به‌تانه‌ی كه‌ ناكۆكییان له‌سه‌ر هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی كورد له‌ به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی كارا و به‌هێز.

سێیه‌م: دانانی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كی ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌بوونی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌ و دیدگای هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ عێراق و ناوخۆی كوردستان و ده‌وروبه‌ر، هه‌روه‌ها به‌رچاوڕوونی له‌سه‌ر ڕووداو و پێشهاته‌كان.

چواره‌م: پشتگیریكردن له‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ بۆ دابینكردنی سه‌قامگیری و حوكمڕانیی سه‌رتاسه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و ‌هاوبه‌شیی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ی‌ داهاتوودا ده‌كه‌ن.

پارتی دیموكراتی كوردستان
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
11/12/2018



PM:03:56:11/12/2018