ئەمریکا لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان هاتەدەنگ

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر بڕیارەکەی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و رایگەیاند،، هێرشی تاکلایەنەی تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا قبوڵکراو نیە.

شۆن ڕۆبێرتسن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا  لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "چالاکیی سەربازیی تاکلایەنە بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن هەر هێز و لایەنێکەوە مایەی نیگەرانییە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە یان دەوروبەری بن".

وتیشی، ئەمریکا ئەو جۆرە چالاکییە سەربازییانە بە قبوڵنەکراو دادەنێت و جەخت لە ئاسایشی سنورەکانی تورکیا دەکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هاوبەشێکی پابەند و سەرەکیی شەڕی دژ بە داعشن و ئەو شەڕەش هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

دوێنێ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی وتارێکدا کە لە لووتکەی پیشەسازی بەرگری تورک لە ئەنقەرە پێشکەشی کرد رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرش دەکەنە سەر رۆژهەڵاتی فورات و ئامانجیشیان سەربازە ئەمریکییەکان نییە بەڵکو هێزە کوردییەکانە.

دوا بە دوای وتەکای ئەردۆغان بەپێی
 میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، هەر ئێوارەی دوێنێ ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای تورکیا لە شاری کیلیسی ئەو وڵاتەوە بەرەو سنوری رۆژئاوای کوردستان جوڵەیان پێکراوە.


AM:09:21:13/12/2018