نەوەی نوێ: بارزانی لەگەڵ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە نییە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ ڕایگەیاند، بارزانی لەگەڵ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە نییە.

 جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند "لە ٢٧ ساڵی ڕابردووی حكومڕانیكردنی هەردوو حزبی حوكمڕاندا لە هەرێمی كوردستان، لەبری ئەوەی كاربكەن بۆ دروستكردنی پایەكانی دەوڵەت و دروستكردنی سیستمێكی حوكمڕانیی دیموكراس، كە لە ئاست بچووكترین قوربانیدانی گەلەكەمان و بچووكترین خەونی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستاندا بێت، كەچی درێژەیان داوە بە بەبنەماڵەییكردن و بە حزبیكردنی حوكمڕانیی لە هەرێمی كوردستاندا".

وتیشی "دوای ئەوەی  بارزانی بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ بە نایاسایی لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا مایەوە و دواجار ناچاركرا بە دەستبەرداربوونی لەو پۆستە، كەچی هێشتا بەشداریی بەشێكی چالاكییە فەرمییەكانی دەوڵەتداریی لە هەرێمی كوردستاندا دەكات، لەكاتێكدا ئەو بە تەنها سەرۆكی حزبێكی سیاسییە."

ئەو هێزە سیاسییە دەشڵێت، "لە تازەترین چالاكیی خۆیدا وەكو سەرۆكی حزب و دەستوەردان لە كاروباری دەوڵەتداریی، سەرۆكی پارتی بەشداریی لە ڕێوڕەسمێكی سەربازیی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كردووە و خەڵاتی دابەشكردووە، لەكاتێكدا هیچ سیفەتێكی دەوڵەتیی نییە، جگە لە سەرۆكایەتیكردنی حزبێكی سیاسیی نەبێت".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئێمە لە جوڵانەوەی 'نەوەی نوێ‌'، ئەم جۆرە بەشداریكردنەی سەرۆكی حزبێكی سیاسیی لە چالاكییەكی حكومی و دابەشكردنی خەڵاتدا بەسەر پێشمەرگە، بە بێنرخكردنی پایەكانی دەوڵەتداریی و دروستكردنی سیستمێكی نادروستی حوكمڕانیكردنی دەزانین و دەپرسین: ئایا بارزانی بە چ سیفەتێك خەڵات بەسەر پێشمەرگەدا دابەشدەكات؟ ئەمەی بارزانی دەیكات، سوربوونی نییە لەسەر درێژەدان بە حوكمی بنەماڵەیی و حزبی لە كوردستاندا، كە ٢٧ ساڵە بەمجۆرە درێژەی پێدەدەن؟ ئایا خەڵات دابەشكردنی سەرۆكی حزبێك لە مەراسیمێكی ڕێزلێنانی حكومیدا، بێنرخكردنی پایەكانی دەوڵەتداریی نییە لە هەرێمی كوردستان؟"

دەشڵێت "جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، ئەم دەستوەردانە بە ڕێگریكردن لەو هەوڵانە دەزانێت كە بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەرهێنانی هێزی پێشمەرگە لە دەستی حزب لەئارادان، وەك چۆن لە ئێستادا هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا سەرقاڵی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەن لە چوارچێوەی سوپایەكی نیزامیدا و، ئەمجۆرە بەشداریكردنانەی سەرۆكی حزبێكی خۆسەپێنیش لە هەرێمی كوردستاندا دەرخەری ئەو ڕاستییانەن كە بارزانی دەیەوێت بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و ناوخۆییش بڵێت: دروستكردنی دەوڵەت و دامەزراوەی دەوڵەت، خەونە و تا حوكمڕانیكردنی ئێمە لە كوردستاندا بمێنێت ناهێڵین هێزێكی نیشتمانی بەرگریكار لە هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت".



PM:08:06:13/12/2018