دوای ١٥ ساڵ لە دەستگیرکردنی
وردەکاری ئەو ڕۆژەی سەدام لە کونجێکدا گیرا


دوێنێ ١٥ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی سەدام حسێن، سەرۆکی لە سێدارەدراوی عێراقدا تێپەڕی، ئەو سەرکردەیەی خۆی بە سەرۆکی ئومەتی عەرەبی دەزانی لە چاڵێکی بچوکدا گیرا.

ئەمریکییەکان نۆ مانگ بوو گەیشتبوونە عێراق، سەرەداوەکان بۆ دەرکەوتنەوەی سەدام حسێن بە تەواوی ونبوون، ئەمریکییەکان هەموو هیوایەکیان محەمەد ئیبراهیم بوو کە یەکێک بوو لە پاسەوانەکانی سەدام حسێن، کە دەستگیریان کردبوو، وەک ئەمریکییەکان خۆیان باسی لێ دەکەن کە فشارەکانی سەر محەمەد ئیبراهیم ئێجگار زۆر بووە، ئیریک مادوکس دەڵێت "پێمان وت ٤٠ ئەندامی خێزانەکەت بە هۆی تۆوە گیراون، گەر تۆ شوێنی سەداممان پێ بڵێیت ئێمە ئەندامانی خێزانەکەت ئازاد دەکەین".

مادوکس جەخت دەکاتەوە کە ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا کە شوێنی سەدام دەزانێت بەڵام ئامادە نەبوو هیچ وردەکارییەک بخاتە ڕوو، ئەمە جگە لەوەی ئەوان بەردەوام فشارە دەرونییەکانیان لەسەر زیاتر کردووە.

لە ١٣ی دیسەمبەری ٢٠١٣دا ئیبراهیم بڕیاری هاوکاری دەدات، وەک سەمیر، کە وەرگێڕی سوپای ئەمریکا بوو باسی دەکات لە یەکی نیوەڕۆدا ئامادەبوون وئیبراهیمیان هێنا و نەخشەیەکیان خستە بەردەست کە ئەو ناوچەیە دیاری بکات کە سەدام تێیدا خۆی شاردووەتەوە.
سەمیر وتی دوای ئەوەی ناوچەکە بە تەواوی دیاریکرا و ئامادەکاری تەواو کرا بڕیاردرا ئیبراهیم لە ئۆتۆمبێلێکدا بمێنێتەوە، منیش لەگەڵ ژمارەیەک سەربازدا بە ئاڕاستەی ئەرکەکە ڕۆیشتین، گەیشتینە کێڵگەکە.

ئیبراهیم سێ ناوچەی لە کێڵگەکەدا دیاریکردبوو کە دەکرێت سەدامی لێ بێت، چوینە ناوچەی یەکەم  و دووەم هیچی لێ نەبوو، بۆیە سەرنجمان خستە سەر ناوەی سێیەم، کە ماڵێکی کۆن بوو لە کێڵگەکەدا.

ئەو وەرگێڕە باس لەوەش دەکات کاتێک گەیشتوونەتە کێڵگەکە دوو کەسمان دەستگیرکرد کە پاسەوانیان لە سەدام دەکرد، بەڵام نەمانتوانی هیچ زانیارییەکیان لێ وەربگرین،  بۆیە بڕیارماندا ئیبراهیم بهێنین بۆ شوێنەکە.

هەروەها یەکێک لە سەربازەکان بە ناوی مادوکس ئامژە بەوە دەکات کە ئیبراهیمیان نیشانەی نامقی خاوەنی کێڵگەکەداوە تا شوێنی سەدام بڵێت بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە هیچ بزانێت.

لە کاتژمێر 8:25 خولەکی ئێوارە، ئەو چاڵە دۆزرایەوە کە سەدام تێیدا خۆی شاردبووەوە.

سەمیر وتی: سەری چاڵەکەمان هەڵدایە، گوێمان لە دەنگێک بوو وتی "تەقە مەکەن، تەقە مەکەن"، هەروەها داوای دەکرد دەری بێنین، دواجار دەستی سەداممان بینی ڕایدەوەشاند، دەستمانگرت و یارمەتیماندا لە دەرهێنانی".

ڕوونیشی دەکاتەوە "دەمزانی ئەوە سەوتی ئەوە، ئێمە ڕۆژانە ئەومان لە تەلەفزیۆنەوە دەبینی، بەڵام شێوەی بە تەواوی جیاواز بوو لەوەی بینیبومان، بە قژ و ڕیشێکی درێژەوە"

هەروەها راسڵ دەڵێت "پیاوێک وتی من سەدام حسێنم، من سەرۆکی عێراقم و ئامادەم بۆ گفتووگۆ، لە وەڵامدا یەکێک لە سەربازەکان وتی "سەرۆک بۆش سڵاوی بۆ ناردویت".




AM:11:20:14/12/2018