دژی بۆردومانی شەنگال و مەخمور خۆپیشاندان کرا

لە دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەردوو قەزای شنگال و مەخمور، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) بەشێک لە دانیشتوانی مەخمور خۆپیشاندانیان کرد و بە رێپێوان چوونە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کەمپی مەخمور.

خۆپیشاندانەکە لەلایەن رێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانەوە ڕێکخرابوو و لەبەردەم ناوەندی چاند و هونەری مەخمور دەستی پێکرد و بە رێپوان چوونە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەمپی مەخمور. لە خۆپیشاندانەکەدا کە بە هەزاران کەس ئامادەیی بوون، ئیدانەی بێهەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکانیان کرد لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر قەزای شنگال و مەخمور و داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەڵوێستی جدیان هەبێت لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا.

دواتر بە بەشداری بەشێک لە دانشتوانی مەخمور لە مەراسیمێکدا ئەو چوار ژنە بەخاک سپێردران کە دوێنێ شەو بەهۆی بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیاوە گیانیانلەدەستدا.

شەوی ڕابردوو (١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) کاتژمێر ٩:٥ خولەک، فڕۆکەکانى تورکیا بۆردومانی ناوچەی گر عوزێر و گەلێی شلۆیان لە قەزای شنگال و چیایی قەڕەجوغ و کەمپی ئاوارەکانی باکورى کوردستانیان لە قەزای مەخمور کرد بەوهۆیەوە چوار ئه‌ندامی هێزەکانى پاراستنی مەخمور شه‌هید بوون.

دواتر سوپاى تورکیا لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هێرشەکانى سەر سنورى مەخمور و شنگال زیاتر له‌ ٢٠ فڕۆكه‌ جه‌نگی و ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به‌شدارییان تێدا كردووە.


PM:03:40:14/12/2018