پارتی لەبازگەی سحێلا رێگەیان نەدا بە خوشك و برایەكی نادیه‌ موراد لەگەڵیدا بچنە شەنگال

هێزەكانی پارتی لەبازگەی سحێلا رێگەیان نەدا بە خوشك و برایەكی نادیه‌ مورادو ئێزدییەكانی دیكە لەگەڵ مورادا بۆ جەژنەكەیان بچنەوە زێدی خۆیان لەشەنگال".

 رەنا حەسەن سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شەنگال بە ماڵپه‌ری ره‌سمی یه‌كێتی نیشمانی كوردستانی راگەیاندووە" ئەمڕۆ كاتێك نادیە موراد بەمەبەستی بەشداریكردن لەجەژنی ئێزدییەكان لەگەڵ كەسوكاری سەردانی قەزای شەنگالی كردوە، لەبازگەی سحێلا تەنها رێگا بەخۆی دراوە بەبازگەكەدا تێپەڕێت، رێگە بەخوشك و برایەكی نەدراوە لەگەڵی بچنە شەنگال."
 
وتیشی: لەبازگەكە رێگایان بەئێزدییەكانی دیكەش نەداوە بگەڕێنەوە شەنگال و بەشداری جەژنەكەیان بكەن و بەپرسانی بەبازكەگە پێیان راگەیاندون قبوڵ ناكەن هیچ ئێزدییەك تەنانەت براو خوشكەكەی نادیەش كە ئۆتۆمبێلێكی دیكەیان پێبووە لەگەڵی بچنەوە شەنگال.

سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانكێی شەنگال ئەوەش وت " نادیە موراد خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێم و كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، داوایی لێكردوە رێگای نێوان دهۆك – شەنگال بكرێتەوە تا ئێزدییەكان لەوێوە هاتووچۆی شەنگال بكەن، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی بەڵێنی بەنادیە موراد داوە كە رێگاكە بۆ هەمیشەی بەڕووی ئێزدییەكاندا بكرێتەوە".

رەنا حەسەن راشیگەیاند: "كاتێك نادیە موراد لەبازگەی سحێلا دەربازی بووەو بڕیار بووە ئێزدییەكان لەگەڵ بچن بازگەكە داخراو‌ە، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیم بەنادیەوە كردو پێموت چۆن قبوڵتكرد بەتەنها رێگا بەتۆ بدرێت و  كەسوكارەكەت نەتوانن بچنە شەنگال، پێشموت ئەگەر لەشوێنی تۆ بومایە هەر لەبازگەكە دەگەڕامەوەو نەدەچومە شەنگال، ئەویش وتی بەڵێنیان بەمندا كە رێگاكە بۆ هەمیشەیی بكرێتەو‌ە، نەك بەتها بڕۆم و بازگەكە دابخرێت". 

ئەوەشی وت: كاتێك نادیە لەبازگەی سحێلا دەربازی بووە، هێزە عیراقییەكان تا شەنگال پاسەوانییان كردوە.



PM:08:19:14/12/2018