نەوەی نوێ هێرشەکانی تورکیا ئیدانە دەکات

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان دەکات و داوا دەکات عێراق سەروەری هەرێم بپارێزێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە بەناوی د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنەوە دەرچووەو کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئیدانەی هێرشەکانی سەر مەخمور و شەنگال دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن "لە پەرلەمانی كوردستان، دژی هەر دەستدرێژییەكە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەكەمان و ئیدانەی بۆردومانكردنەكانی ئەمڕۆی سوپای توركیا دەكەین بۆ سەر مەخمور و شەنگال، كە بەداخەوە زیانی گیانی و ماڵیی لێكەوتوەتەوە". 

هەروەها لە بەیانەکەدا هاتووە "وە ئێمە لە فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌"، بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی هەرێم و عیراق دەخەینە ئەستۆی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عیراقیی، كە ئەمە بۆ چەندەمین جارە سەروەریی وڵاتەكەمان پێشێلدەكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق، نەیانتوانیووە لەرێی كەناڵە یاسایی و دیپلۆماسییەكانەوە، چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دەستدرێژییانە بدۆزنەوە".

فراكسیۆنی "نەوەی نوێ‌"، وێرای دەربڕینی هاوخەمیی بۆ كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتوان، بە ئەركی حكومەتی هەرێم و عیراقی دەزانێت نەهێڵێت جارێكی تر ئەم روداوانە دوبارە ببنەوە و دەبێت قەرەبوی زیانلێكەوتوانیش بكرێتەوە. 

ئەو فراکسیۆنە سەرەڕای ئەوەی سەرسوڕمانی خۆمان نیشاندەدەدات كە حزبە كوردستانییەكان هەڵوێستییان نەبوە لەئاست ئەم پێشێلكارییەدا.



PM:09:58:14/12/2018