" پارتی بەشداری بە کۆمەڵی ئیسلامی لە کابینەی نوێدا ناکات "

پارتی دیموکراتی کوردستان هێڵی سووری لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی هەیە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە سپی راگەیاند " رای زۆربەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی لەگەڵ ئەوەدا نین بەشداری بە کۆمەڵی ئیسلامی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا بکەن".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەڵوێستی پارتی بەرامبەر کۆمەڵی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە " لەو قەیرانەی لەسەر یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم هاتە ئاراوە لە ساڵی ٢٠١٥ دا کۆمەڵ مایەوە لە حکومەتی هەرێمدا، بەڵام دواتر لە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ماوەیەکی کەم لەبەرئەوەی چەند سەد دەنگێک زیاد بکەن، کشانەوە لە حکومەت". ( وەک سەرچاوەکەی سپی دەڵێت).

سەرچاوەکە هۆیەکی تری هەڵوێستەکەی پارتی لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی دەگەڕێتەوە، بۆئەوەی لای پارتی کۆمەڵی ئیسلامی تا ئێستا قاجێکی لەگەڵ لایەنە توندڕەوە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدا تێکەڵەو زۆرێک لەو کەسانەی لە ساڵانی رابردوودا لەهەرێمی کوردستان پەیوەندیان بە چەکدارانی داعشەوە کردووە، بنکەی کۆمەڵی ئیسلامین، یان لەژێر کاریگەری گوتاری کادیرانی کۆمەڵدا پەیوەندیان بەداعشەوە کردووە.

سەبارەت بە هۆکارێکی تر، وەک سەرچاوەکەی سپی، پارتی پێیوایە کۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیەو ئەو وڵاتە پاڵپشتی کۆمەڵ دەکات لەسەر زۆر پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.



PM:01:09:16/12/2018