لە خوێندنگەیەکی هەولێر ئاگر کەوتەوە

لە خوێندنگەیەکی هەولێر ئاگر کەوتەوە و بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەولێریش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە پشتڕاست دەکاتەوە دەڵێت بەھۆی کەوتنی زۆپاوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦\١٢\٢٠١٨ لە قۆتابخانەی "ئاھەنگ"ی تێکەوڵاو لە ھەولێر بەھۆی کەوتنی زۆپاوە، ئاگر لە یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەکە کەوتووتەوە و بەو ھۆیەشەوە دوو مامۆستا بەناوەکانی (وشیار و پێشڕەو) بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر کراون.

هاوکات دلێر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندیی ھەولێر ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند "ڕووداوەکە ڕاستە و لە کاتی پشوودا قوتابییەکان چونەتە دەرەوە و یەکێکیان بەر زۆپاکە کەوتووە و ئاگرەکە کەوتووەتەوە، بەڵام تەنیا ئاگرکەوتنەوەیەکی سووک بووە، بەڵێنی چاککردنی ئەوەشیان پێ دراوە".

قوتابخانەی ئاھەنگی تێکەڵاو پۆلی یەکی بنەڕەتی تا شەشی بنەڕەتی تێدایە، بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەولێر وتیشی "قوتابخانەکە نزیکی پەروەردە و سایلۆی ھەولێرە".



PM:03:02:16/12/2018