خوشکی شاسوار عەبدولواحید سزا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی پەروەدەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، مامۆستایەکی بە بیانووی دەوامنەکردنی بۆ ماوەی ١٦ رۆژ سزادا.

بەگوێرەی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی روناک عەبدولواحید خوشکی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و مامۆستا لە خوێندنگای ئیبراهیم ئەحمەدی بنەڕەتیی شاری سلێمانی، موچەی ١٦ی رۆژی لێبڕاوە بە بیانووی ئەوەی کە ناوبراو لە ١٠ی ئەم مانگەوە بۆ ٢٦ی ئەم مانگە دەوامی نەکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارەکە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی مانگ دەرچووە و هێشتا ئەو بەروارە نەهاتووە کە لە بڕیارەکەدا دیاریکراوە.

هەروەک لە بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، روناک عەبدولواحید بۆ ماوەی یەکساڵ و لە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧وە بۆ ١٠ی ئەم مانگە مۆڵەتی بێموچەی وەرگرتووە و لە بەرواری ١٠ی ١٢ی ٢٠١٨دا مۆلەتەکەی تەواو بووە و ناوبراویش موباشەرەی بۆ کراوە و دەوامی کردووە.

سەرباری دەوامکردنی و سەرباری ئەوەی هێشتا ٢٦ی مانگی ١٢ نەهاتووە، بەلام بەڕێوەبەرایەتییەکە سزای مامۆستاکەیان داوە و دەڵێت، لە بەرواری ١٠ ی ئەم مانگە تا ٢٦ ی ئەم مانگە مامۆستای ناوبراو دەوامی نەکردوە.

لەوبارەیەشەوە روناک عەبدولواحید بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندووە "پێم سەیرە مامۆستا لەسەر داهاتوو سزا بدرێت، بێ ئەوەی من هیچ داوایەکم هەبوو بێت بۆ مۆڵەت و بێ ئەوەی جارێ ئەو بەروارە هاتبێت".



PM:03:50:16/12/2018