دەستگیرکردنی ژمارەیەک مێردمنداڵ ڕاگەیەندرا

قایمقامیەتی هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەیەک مێردمنداڵ دەستگیرکراون کە ویستویانە لە ڕێگەی سیناریۆکردنەوە پارە لە خەڵک وەربگرن.

قایمقامیەتی‌ قەزای‌ ناوەندیی‌ هه‌ولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە( ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨)، ئەو مێرد منداڵانە ژمارەیان پێنج کەس بوون و  لەلایەن پۆلیسی شارەوانی و پۆلیسی قایمقامیەتی هەولێرەوە دەستگیرکراون.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا قایمقامیەتی هەولێر ئەو تۆمەتی ڕوونکردوەتەوە کە مێردمنداڵەکانیان پێ دەستگیرکرووە و ڕایگەیاندووە" ئەو مێرد منداڵانە ماوەیەکە سیناریۆ لەسەر شەقامەکان دەکەن، ئەویش بە هەڵگرتنی قاپی هەنار و بنێشت و شتی تر کە لە دەستی خۆیانی بەردەدەنەوە، بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک و شۆفێران بجوڵێنن و پارەیان پێ بدرێت".



PM:06:50:16/12/2018