نادیە موراد داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانیان بۆسەر شەنگال رابگرن

نادیە موراد، کچە کوری ئێزدی و باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە هەفتەی رابردوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا داوا لە وەزیری دەرەوەیتورکیا دەکات کە سوپای وڵاتەکەی بۆردوومانەکانیان بۆ سەر شنگال رابگرێت.

نادییە موراد لە تویتێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی، 
لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەتەوەو هەردولا باسیان لە بۆردومانەکانی سوپای تورکیا کردووە بۆسەر شەنگال.

ئەوەشی وتووە، لە میانی وتووێژەکەیاندا داوای لە وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە، کە پێویستە تورکیا و عێراق بۆ رێگری لە بۆردوومانەکانی سەر شنگال چارەسەرێک بدۆزنەوە.

نادییە موراد ئاماژەی بە وەڵامی چاوشئۆغڵو نەداوەتەوە لە بەرامبەر داواکەیدا، بەڵام وتویەتی،
دەیانەوێت ئەو ناوچانە ئاوەدانبکەنەوە کە داعش وێرانیکردووە و، هاوکات داواشی لە وەزیرەکەی تورکیا کردووە هاوکاری کوردانی ئێزدی بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

هاوکات مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هەمانشێوە لە توویتەر لەبارەی کۆبوونەوەکە لەگەڵ نادیە موراد تویتێکی بڵاوکردوەتەوەو نوسیویەتی، کە لەگەڵ نادیە باسیان لە دۆخی ئێزدییەکان کردووە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی وتووە،"پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە بەردەوامە لەسەر سەرکوتکاری لە عێراق و سووریا، لەنێویاندا ئێزدییەکان، ئاشووری و کوردەکانیش".






PM:08:19:16/12/2018