پارتی داوای پارێزگارێکی "بێلایەن" لە کەرکوک دەکات

کەمال کەرکوکی ڕایگەیاند تا کاتى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، پێویستە کەسێکی بێلایەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت.

کەمال کەرکوکى ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاژانسی ئانادۆڵوى راگەیاندووە، "بۆچوونمان ئەوەیە کە بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوە و حوکمی مەدەنی لە کەرکووک بێت و سوپا لەناو شار نەبێت و ئەو چەکدارە زۆرەی لە کەرکووک هەیە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ناو شارەکە رادەستی پۆلیس بکرێت و سەرجەم پێکهاتەکان رۆڵی خۆیان ببینن بەپێی ئەو رێژەیەی لە ئەنجوومەن دیاریکراوە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاشیگەیاند "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە لەم باردۆخەی ئێستا تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، کەسێکی بێلایەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەببات، کەرکووک بۆ هەموو پێکهاتە و لایەنەکانە و دەمانەوێت لەوێ یاسا سەروەربێت و هەموو لایەک بێ گرفت بژین، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین کە ئەم پۆستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت، بەڵکو پێویستە یەکێکی شایستەی بۆ دابنرێت و پێموابێت هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە پارێزگارێکی بێلایەنی بەتوانا خزمەتی شارەکە بکات بەپێی دەستوور".



PM:09:39:16/12/2018