کۆڵبەرێکی دیکەی کورد گیانی لەدەستدا

بەهۆی سەرماوە کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سنورەکانی هەورامانی سەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاویکردەوە سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ هاوڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی سالار تەنهایی لە کاتی کۆڵبەریدا و لە ناوچە شاخاوییەکانی قەڵاگا گیانی لەدەستداوە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سالار تەمەنی ٣٢ ساڵ بووە و بەهۆی سەرما و سۆڵەوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە تا ئێستا، چوار کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ورمێ و پیرانشار و نەوسوود بە هۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.

ساڵانە بەدەیان کۆڵبەری کورد لە رێگا سەخت و پڕمەترسییەکانی سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدن و دەکوژرێن کە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج.

پێشتر رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردبووەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٢١٣ کوڵبەر لە سنورەکانی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون.



AM:08:55:19/12/2018