كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات و ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە كە تێیدا جەخت لە بەردەوامیی كۆبوونەوەكانیان دەكەنەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەكە:
ڕاگەیاندراوی هاوبەشی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان
ڕۆژی ١٩-١٢-٢٠١٨ شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر قۆناغی پاش هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم، كۆبوونەوە.
كۆبوونەوەكە لە كەشوهەوایەكی بەرپرسانە و بە ئومێدی كاركردنی هاوبەش بەڕێوەچوو، هەردولا جەختیان لەوە كردەوە كە پرۆسەی گفتوگۆكردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو خاڵە هاوبەش و زۆرانەی لە ڕوانگەی هەردوو شاند هەیە بۆ بەرنامەی كابینەی حكوومەت بە ئامانجی باشتركردنی بژێویی خەڵك و چاكسازیی ڕیشەیی لە هەموو بوارەكان.
كۆبوونەوەكە جەختی لەوە كردەوە كە گرنگە بەرنامەیەكی تۆكمەی هاوبەش دابڕێژرێت بۆ بوارەكانی شەفافیەت و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حكوومەت لە بەڕێوەبردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان و ئیدارەدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
جەختیش كرایەوە لە دانانی بەرنامە و بەرپرسیارێتیی هاوبەش بە میكانیزمی گونجاوی جێ بڕوای لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەت، بنەمای سەرەكیی بێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان