راکان سەعید جبورى پارێزگارى کەرکوک لەلایەن دەستەی دەستپاکی کەرکوکەوە فەرمانى دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا، لە ئێستاشدا ناوبراو کەرکوکى بەرەو بەغدا بەجێهێشتووە.
دادوەری تایبەت بەدەستەی دەستپاکی لەدادگای کەرکوک بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی راکان جبوری پارێزگاری کاتی کەرکوک، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمرۆ هێزێکى ئەمنى چونەتە سەر بیناى پارێزگارى کەرکوک بۆ دەستگیرکردنى و دواتر چونەتە سەر ماڵەکەى، بەڵام نەیانتوانیوە دەستگیری بکەن، بەهۆی ئەوە ناوبراو کەرکوکى بەرەو بەغدا جێهێشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی "سپی" فەرمانی دەستگیرکردنی پارێزگاری کاتی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ پێشێلکردنى یاسا و رەوانەکردنى چەندین پرۆژە بۆ جێبەجێکردن بەبێ گەرانەوە بۆ ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، هەروەها داهاتى کەرکوکى بەهەدەرداوەو چەندین گەندەڵى ترى لەلایەن دادگاوە لەسەر ساغبۆتەوە.
هۆکاری سەردانی راکان جبوری بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە تا لە دانیشتنى بەیانى پێنج شەممەى ئەنجوومەنى نوێنەران سوێندى یاسایی بخوات و دەستەبەرى پەرلەمانتارى وەربگرێت و نەتوانرێت تا چوار ساڵى تر دەستگیربکرێت.