دادگای فیدڕاڵی بە بێ کورد هەڵبژێردرا

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە بارەی پێکهاتەی دادگای فیدڕاڵیەوە بڕیاریدا و فراکسیۆنە کوردییەکانیش بایکۆتیان کرد و بەشیر حەدادیش ڕازی بووە بە خستنە بەرنامەی کارییەوە.

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ کۆبووەوە و پێنج ئەندامی دادگای فیدڕاڵی هەڵبژارد، کە هیچ یەکێک لەو کەسانە کورد نەبوون و بەهۆیەوە فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتیانکرد و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ بە ئیمزای بەشیر حەداد کە یەکێکە لەو سێ کەسەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکەن ئەو پڕۆژەیە خرابووە کارنامەی پەرلەمانەوە، لە کاتێکدا فراکسیۆنی پارتی کە بەشیر حەداد سەر بەو فراکسیۆنەیە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

سپی زانیویەتی کە ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەنگی داوە بە هەڵبژاردنی ئەو پێنج ئەندامەی دادگای فیدڕاڵی لە کاتێکدا فراکسیۆنی یەکێتیش لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکەدا بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدا کە هەڵبژاردنی ئەو پێنج ئەندامە لە خولی سێیەمەوە کێشەی لەسەرە و یەکلایی نەکراوەتەوە و ئەمڕۆ هێنراوەتە پەرلەمان.



PM:03:18:22/12/2018