سەندیکای رۆژنامەنووسان لەسەر دەستگیرکردنی ٤ رۆژنامەنووس لە سلێمانی هاتە دەنگ

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان رایگەیاند" هەریەك لە ڕۆژنامەنووسان بەرهەم لەتیف، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، دەریا دەنیز، دەریا ئەبوبەكر، ژینا ئیسماعیل، ڕۆژنامەنووسانی كۆپانیای چەتر، لەدوێنێوە 21/12/2018 لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون و ئازاد نەکراون".

لەو روونکردنەوەیەدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، کاروان ئەنوەر سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت " لەبەدواداچوونی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ كێشەی ئەو رۆژنامەنووسانە، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی پێی راگەیاندین كە ئەوان هیچ رۆژنامەنووسێكیان دەستگیر نەكردوە (وەك رۆژنامەنووس) بەڵكو كۆمەڵێك خەڵك بەبێ مۆڵەتی رەسمی و بەدەر لەیاساو رێساكان لەشارێی سالم ویستوویانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بۆیە هێزەكانی ئاسایش بۆ پاراستنی هێمنی و ئارامی شار ژمارەیەك لەو كەسانەیان دەستگیر كردوەو دیارە لەناویاندا چین وتوێژی جیاواز هەن".

سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێن " بەڵێنیان پێداین كە ئەمڕۆ لەهەوڵی ئازادكردنیانداین، بەڵام تا كاتی ئامادەكردنی ئەم روونكردنەوەیە بەداخەوە ئازاد نەكراون.

هیوادارین ئاسایشی سلێمانی دۆسیەی ئەو چوار رۆژنامەنووسە لە كەسەكانی تر جودا بكاتەوەو رەوانەی بنكەكانی پۆلیسیان بكات، تا ئێمەش بتوانین لەچوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستانی تایبەت بە رۆژنامەنووسیدا كەیسەكانیان بۆ بەڕێوە ببەین".




PM:07:23:22/12/2018