بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاند، نابێت پاشەکشەی ئەمەریکا ببێتە مایەی قۆناغێکی تری توندو تیژیی و دەستوەردان لە سوریا.
ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی کانونی یەکەم. سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرھەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێ گەیشت و پێکەوە دوایین پێشھاتی ناوچەکە و جیھانیان تاوتوێکرد.
لە پەیوەندییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ھۆکارەکانی بڕیاری پاشەکشێی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بە چڕیی بۆ سەرۆک کۆمار روونکردەوە و، دووپاتیکردەوە "ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر لە عێراقدا.
لایخۆشییەوە بەرهەم ساڵح بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاند" عێراق و ناوچەکە پێویستیان بە چارەسەرێکی سیاسییە بۆ قەیرانی سوریا و کۆتایی ھاتنی ئەو توندو تیژیی و ململانێ بێ ھودەییە کە گەلی سوریا باجێکی زۆری بۆ داوە بە ھۆی داگیرکردنی شارەکانیان لەلایەن تیرۆریستانەوە کە دڕندانەترین تاوانیان بەرامبەر ئەنجام دراوە، ھاوکات وتی دەستوەردانی دەرەکییەکان ئەو وڵاتەیان وێرانکردووە.
هەروەها بەپێویستی زانی، کە پاشەکشێ کردنەکەی ھێزەکانی ئەمریکا فاکتەری بەدیھاتنی ئاشتی بێت، لەسەر بنەمای رێز گرتنی مافی سورییەکان و بڕیاری سەربەخۆییانە نەک قۆناغێکی تری توندو تیژیی و دەستوەردانی تر سەرھەڵبداتەوە.
سەرۆک کۆمار ئەوەشی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راگەیاند، کە پێویستە بارودۆخی عێراق رەچاو بکرێت و پڕیشکی گرژیی و ئالۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بەر نەکەوێ، ھەروەھا ئەوەیشی روونکردەوە کە دەبێت پارێزگاریکردن لە سەروەریی و بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق بکرێتە بناغەی ھەر مامەڵە کردنێک لە پێناوی چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا.