قایمقامی هه‌ولێر دەستگیرکردنی 900 کەسی راگەیاند

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ی كانونی یه‌كه‌می 2018، قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێر رایگەیاند، لەمساڵدا بەهۆى ئه‌نجامدانی سەرپێچی له‌ رێنماییه‌كان، 865 کەسیان دەستگیركردووه‌ و 32 قومارخانەش داخراون.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی ناوه‌ندی هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، لیژنه‌ی پشكنین و چاودێری بازاڕ 527 سه‌ردانی مه‌یدانیان بۆ سه‌ر شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ئه‌نجامداوه‌ له‌وانه‌ 427 سه‌پێچی گه‌وره‌ و بچووكیان ئه‌نجامدابوو. 

باسی لەوەشكرد، کە لەماوەى ئەمساڵدا لەڕێگەى لیژنە جۆراوجۆرەکانەوە توانراوە 865 کەسى سەرپێچیکار بەمەبەستى جۆراوجۆر دەستگیربکەن کە 112 کەسیان دراونەتە دادگا و سزاى پێبژاردنى کۆگا و دەرمانخانە و شوێنە گشتییەکانیش بریتیبووه‌ له‌ 222 ملیۆن دینار و 268 کۆگاى دەرمان و نۆرینگە و دەرمانخانەش داخراون و 25 تەن دەرمانى ماوە بەسەرچوو و قاچاخ لەناوبراون.

هەروەها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هەر لەمساڵدا 144 ئۆتۆمبێلى بارهەڵگریان بەهۆى سەرپێچییەوە سزاداوە و 210 خانوو، دوکان و سیاج کە بەزێدەڕۆیى دروستکرابوون تێکدراون و 115 تابلۆى نایاسایش لەسەر باڵەخانەکان لادراون کە لە دەرەوەى رێنماییەکان دانرابوون، له‌گه‌ڵ 104 خاوەن موەلیدەش دەستگیرکراون و بەردەوامیش چاودێرى دەکرێن، ئەو خاوەن تەنکەره‌ى بیر و ئامێرى تر کە ریکلام و نوسین لەسەر دیوارى ماڵان دەکەن تائێستا 48 کەسیان سزادراون.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید وتیشی هەروەها 10 شوێنى بەرهەمهێنانى سەوزە به‌ ئاوی پیس تێکدراون، 218 سکاڵاى هاووڵاتیانیش بەدواداچونى بۆ کراوە و 28 شوشتنگەى ئۆتۆمبێلیش بەهۆى راکێشانى ئاوى ماڵان داخراون، لەگەڵ 32 قومارخانە و شوێنى یارییە ئەلیکترۆنییەکان کە بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنران داخراون، لەهەمان کاتدا 54 پاڵاوگەى نایاسایى داخراون و ئاگاداریشکراونەتەوە بەهۆى باشبونى دۆخى بەنزین و سوتەمەنى و پێویست نەمانى ئەو پاڵاوگانە کە سەرجەمیان دادەخرێن، پەڕاوى لێکۆڵینەوەش بۆ 96 سەرپێچیکار کراوەتەوە.

ئەوەشێ خستەڕوو، لەماوه‌ى یەک ساڵدا 897 سواڵکەریان دەستگیرکردوە، کە 445 سواڵکەریان خوار تەمەن 18 ساڵ بوون، 188 تەن و 611 کیلۆ کاڵاى ماوە بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیراوە و بڕى 147 ملیۆن و پێنچ سەد هەزار دیناریش سزاى پێبژاردن بۆ شوێنەکان کراوە.

قایمقامی ناوه‌ندی هه‌ولێر ئاماژەی بەوەشکرد، 75 سەردانیان  بۆ شوێنەکانى مەساج کردوە، بەهۆى پابەندنەبوون بە رێنماییەکان 32 شوێنیان داخراون و 8 شوێنى مەى فرۆشتن و 10 هۆتێل و مۆتێلیش بەهەمان هۆکار داخراون، هاوکات 10 مەزرەعە و 130 خانوو و 40 دوکانیش لەناحیەکانى دەوروبەری هه‌ولێر تێکدراون و 300 هێڵى کارەباى نایاساییش بڕدراوە و 16 ئامێرى بیرهەڵکەندنیش دەستى بەسەردا گیراوە لەگەڵ تێکدانى 20 شوێنى بەخێوکردنى مەڕ و ماڵات لەناو گه‌ڕه‌كه‌كانی هەولێر.


PM:02:21:26/12/2018