یەکگرتوو لەسەر بڕیاری دەستگیرکردنی رێبوار تاڵەبانی هاتەدەنگ

 یه‌كگرتووی ئیسلامی کوردستان راگەیاند، بڕیارەکەی دادگای كه‌تنی كه‌ركوك  لەبارەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت سیاسیه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ رێبوار تاڵه‌بانی.
 
خه‌لیل ئیبراهیم، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی راگەیاند، سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای كه‌تنی كه‌ركوك كه‌ ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ به‌رواری (26/12/2018) په‌یوه‌ست به‌ به‌ڕێز (رێبوار تاڵه‌بانی) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ركراوه‌.

وتیشی، ئێمه‌ له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌ێنین ، كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای یاسا سه‌روه‌ری و بێ لایه‌نی دادگا ده‌رنه‌چووه‌، به‌ڵكو پاڵنه‌ری ئه‌م بڕیاره‌ ، سیاسیه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌ڕێز (رێبوار تاڵه‌بانی) له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی و خزمه‌تگوزاریه‌كانی بۆ هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك ، وه‌ دیاره‌ كه‌وا دوای رووداوه‌كانی (16/ئۆكتۆبه‌ر) هه‌ندێ لایەن و دەزگای شاری كەركوك بە پاڵنەری سیاسی به‌رده‌وام هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان داوه‌ له‌ كه‌سانی نیشتمان په‌روه‌ر و به‌هه‌ڵوێست.

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یەکگرتوو ئه‌وه‌شی خستوەتەڕوو، ئێمه‌ نیگه‌رانی خۆمان له‌و بڕیاره‌ راده‌گه‌ێنین و گشت هه‌وڵه‌كانمان له‌ رێكاری یاسای و سیاسی ده‌گرینه‌به‌ر بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ و داوا له‌ گشت لایه‌ن و هێزه‌ سیاسیه‌ نیشتمانیه‌كان ده‌كه‌ین ، كه‌وا هه‌ڵوێستی نیشتمانی و دڵسۆزی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ پاراستنی شكۆی كه‌سانی ئازادیخواز و دڵسۆزی خاك و نیشتمان.


PM:06:49:26/12/2018