رێبوار تاڵه‌بانی لەسەر بڕیاری دەستگیرکردنەکەی هاتە دەنگ

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند، بڕیاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی نایاساییه‌و ده‌شڵێت: "شه‌رعیه‌ت به‌ رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناده‌م".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی کانونی یەکەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بە وەکالەت لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی لەلایەن دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك رایگه‌یاند، "ئەو بڕیارە دژی من نادەستووریییە و تۆڵەسەندوەیە، لەبەرامبەر هەڵوێستەکانم لە 16ی ئۆکتۆبەر دەرکراوە".

وتیشی، "ده‌زگای قه‌زای كه‌ركوك له‌ ژێر پرسیاردایه‌ و بڕیاره‌كانی سیاسی و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ن.

رێبوار تاڵه‌بانی ئاماژەی بەوەشكرد، "كه‌ركوك به‌ سه‌ربازگه‌ كراوه‌ و به‌رده‌م هه‌موو فه‌رمانگه‌ مه‌ده‌نییه‌كان به‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی ده‌وردراون، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هیچ پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عیراق بوونی نییه‌".

ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێت هەرچی زووە دۆخی سەربازی لە کەرکووک کۆتایی پێبهێندرێت و یاسا بۆ شارەکە بگەڕێتەوە و دۆخی نادەستووری و نایاسایی کۆتایی پێبێت".

رێبوار تاڵەبانی راشیگەیاند، "تاوەکو دۆخی کەرکووک بەمجۆرەی ئێستا بێت هەرگیز ناگەڕێمەوە شارەکە، چونکە بە گەڕانەوەم شەرعییەت بە 16ی ئۆکتۆبەر دەدەم".

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بە وەکالەت  باسی لەوەشكرد، "پارێزگاری ئێستای کەرکووک یاساکانی بەعس جێبەجێ دەکات و سووپای عێراق بۆ یەکلاییکردنەویە ململانێکان بەکاردەهێندرێت". 

دوێنێ چوارشەممە دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك بەپێی ماددەی331ی یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ 111ی هه‌مواركراوی ساڵی 1969 فەرمانی دەستگیرکردن و سیندانیکردنی بۆ رێبوار تاڵه‌بانی، سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بەوەکالەت دەرکرد.


AM:09:34:27/12/2018