پۆلیسی هەولێر ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دوو منداڵ لەلایەن دایکیانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و پۆلیسیش دەڵێت، هەموو ڕێکارێکی یاسایی توند لەبەرامبەر دایکیان دەگیرێتەبەر.
هۆگر عەزیر، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڤیدیۆی ئەو منداڵەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەلایەن مامۆستای قوتابخانەکەیانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو دوو منداڵە لەلایەن دایکیانەوە ئازار دەدرێن.
ئەوەشی ڕونکردەوە، ئەو دوو منداڵە ئەشکەنجە دراون بە جۆرێک لوتی یەکێک لە منداڵەکان شکێنراوە و جگە لە ئەوەش چەندین شوێنی جەستەی منداڵەکان شین بووەتەوە و شوێنی لێدانی پێوە دیارە.
لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا یەکێک لە منداڵەکان ئاماژە بەوە دەکات، دایکی بە مەقەست برینداریکردووە و ئازاری داوە.
لەبەرامبەردا وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باس لەوە دەکات، ئەوان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی منداڵپارێزانی هەولێر هەموو ڕێکارێکی یاسایی توند لەبەرامبەر دایک و باوکی ئەو منداڵانە دەگیرێتە بەر.