حکومەتی سوریا مەسرور بارزانی دەخاتە لیستی "تیرۆر"ەوە

بەتۆمەتی پشتگیری و هاوکاری "تیرۆر"، دەستەی بەگژداچونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارەی سوریا مەسرور بارزانی خستە لیستی تیرۆرەوە.

رۆژنامەی ئەخباری نزیک لە ناوەندی بڕیاری سوریا لیستی ناوی ٦١٥ کەسایەتی و ١٠٥ لایەنی ناوخۆی و دەرەکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن دەستەی بەگژداچونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارەی سوریاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، لە ریزبەندی لیستەکەدا زۆرترین کەسایەتییەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدان و دواتر سعودیە و لوبنان و کوێت لە پلەکانی یەکەم تا چوارەم دێن.

هاوکات مەسرور بارزانی، کوڕی مەسعود بارزانی و کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و یوسف قەرزاوی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهان، دیارترین ئەو کەسایەتییانەن کە لە لیستەکەدا ناویان هاتووە.

ساڵانە دەستەی بەگژداچونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارەی سوریا راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاودەکاتەوە، و ناوی سەرجەم ئەو لایەن و کەسایەتییانە بڵاودەکاتەوە کە لە لیستی تیرۆری ئەو دەستەیەدان.



PM:02:43:29/12/2018