ئەمریکا هێزە کوردەکان لە سوریا دڵنیا دەکاتەوە

کۆنگرێسمانی ناسراوی ئەمریکا لەزاری سەرۆکی ئەمریکاوە دڵنیایی دەدات لە پاراستنی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن ئەمریکاوە.

لیندزی گراهام، کۆنگرێسمانی ناسراوی ئەمریکا ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد و
لە توویتێکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا زۆر شتی زانیوە کە دڵنیاکەرەوەن. 

دەشڵێت ، "سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دەدات کە هەر کشانەوەیەکی سوپای وڵات لە سووریا بەجۆرێک ئەنجامدەدرێت کە دڵنیایی لە سێ خاڵی سەرەکی بدات. یەکەم، داعش بە تەواوی و یەکجارەکی تێکدەشکێندرێت. دووەم، ئێران بۆشاییەکە پڕناکاتەوە. سێیەم، هاوپەیمانە کوردەکانمان دەپارێزرێن". 

لیندزی گراهام باسی لەوەشكردووە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا قسە دەکات و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی واشنتنیش کاردەکات بۆ دڵنیاییدان لەوەی کە ئەم سێ ئامانجە بەدەستدەهێندرێن، ئەوەش کاتێک ئەمریکا سوپاکەی لە سووریا دەکشێنێتەوە. 

رۆژی یەکشەممە لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەشیان قسەکردن بوو دەربارەی بابەتی کشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا . 
 


AM:11:14:31/12/2018