تەندروستی سلێمانی خرایە حاڵەتی‌ ئامادەباشییەوە

بەمەبەستی بەهاناوەچوونی‌ هاوڵاتیان لەكاتی‌ رووداوی‌ نەخوازراو، تیمەكانی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی‌ سلێمانی (122) خراونەتە حاڵەتی‌ ئامادەباشییەوە.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی‌ سلێمانی (122) راگەیاند: لە شەوی‌ سەری‌ ساڵدا سەرجەم تیمەكانمان خراونەتە‌ حاڵەتی ئامادەباشییەوە، شوێنی‌ تیمەكانمان لەدوو ڕیانی بەكرەجۆوە دەستپێدەكات بۆ پردی‌ خەسرەوخاڵ، چاڤیلاند، سەهۆڵەكە، فاملی مۆڵ و سەرچنار، لە شوێنە گشتیانەدا كەچاوەڕواندەكرێت قەرەباڵخی‌ هاوڵاتیانی‌ لەسەر بێت ئامادەیمان دەبێت.

وتی‌: جگەلەو تیمانەمان لەناو سەنتەری شاری سلێمانی (5) تیممان لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوزاراو، هاوكات لەناو سەرجەم نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستییەكانی دەرەوەی شار هەر هاوڵاتیەك پێویستی پێمانبێت پەیوەندیمان پێوەبكات و بەزووترین كات دەگەینە لای و بەهانایەوە دەچین.

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی‌ سلێمانی (122) وتیشی؛ پەیامان بۆ هاوڵاتیان ئەوەیە پابەندی ڕێنماییەكانی هاتووچۆ و بەرگری شارستانی و ژینگەیی بن، ژمارەی (122) بەردەوام بۆ (24) كاتژمێر كراوەیە هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بكەن، داواشیان لێدەكەین هاوكاری‌ تیمەكانیشمان بن.


PM:07:26:31/12/2018