سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر چوونە سەر بارەگای عەبادی هاتە دەنگ

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، هیچ ئاگاداری ئەوە نییە کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو شوێنی بارەگاکەی خۆی ڕادەستکردبێتەوە و دەڵێت "پەرلەمان هەڵوێستی دەبێت سەبارەت بە ڕێکخستنی بەکارهێنانی خانووبەرەی دەوڵەت".

نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەلبوسی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەیاننامەیەکی یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی نەسری بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی بارەگای حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بە ئاگاداری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەبارەت بەو بابەتە نوسینگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان دەیەوێت ڕوونیبکاتەوە، کە سەرۆکی پەرلەمان هیچ زانیاری و ئاگادارییەکی نییە سەبارەت بەو شوێن و بارەگایانەی کە عەبادی یان لێپرسراوانی دیکە بەکاریدەهێنن، بە شێوەیەک زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو شوێنانە بە پێچەوانەی ڕێنماییەکانەوە لە ماوەی ڕابردوودا دابەشکراون، ئەوە سەرباری ئەوەی کە هەندێک لەو کەسانە لە کار و دامەزراوەکانی دەوڵەتیشدا نەماون و ئەو شوێنانە بەکاردەهێنن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەرلەمان هەڵوێستی دەبێت بۆ چۆنێتی ڕێکخستنی شێوازی بەرکارهێنانی خانووبەرەی دەوڵەت، بە شێوەیەک کە داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت نەک بەگوێرەی پێوەرە سیاسییەکان بەکارهێنانی حەڵاڵ بکرێت.

ئەو بەیاننامەی نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدایە، سەرکردەیەکى هاوپەیمانی نەسر کە لەلایەن عەبادییەوە سەرۆکایەتی دەکرێـت ڕایگەیاندووە، بەرپرسی پاسەوانەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشیکردووەتە سەر ماڵی حەیدەر عەبادی لە ناوچەى سەوز.

حەسەن سنێد سەرکردە لە هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاندووە، "ئەو بەرپرسە کە ناوی ئازادە، چووەتە سەر ماڵی عەبادی؛ چۆن دەبێت کەسێکی وەها بەرپرسی پاسەوانەکانی سەرۆک وەزیران بێت."

دەشڵێت، حەیدەر عەبادی ماوەى مانگ و نیوێک دەبێت ئەو ماڵەی وەرگرتووە بە ئاگاداری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.



PM:11:05:31/12/2018