بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دھۆك دەستگیرکردنی دوو كەسی بە تۆمەتی دزینی پارە و زێر راگەیاند.
موقەدەم ھێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،"دوو كەس لەسەر دزینی پارە و زێڕ لە شاری دھۆك دەستگیر كران، ھەردووكیشیان دانیان بە تاوانەكەدا ناوە".
وتیشی،"ئەو کەسانە پارە و زێڕەکانیان لەناو قاسەیەك دزیووە و ھەردوو تۆمەتبارەكەش خەڵكی شاری دھۆكن، پێشتریش قاسەیەكی دیكەیان دزیووە كە پارەی تیادابوو، هەروەها بەشێك لەو پارەیەی دزیوویانە خەرجیان كردووە و ئەوەی دیكەش بۆ خاوەنەكان دەگێڕینەوە".
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆك باسی لەوەشکرد، "دوای دزینی قاسەكەیان بردووەتە چیای گارە و لەوێ شكاندوویانە، پاش بەدواداچوونێكی ورد توانرا شوێنەكەیان ئاشكرا بكرێت".