هەنگاو: لە ساڵی رابردوودا ٤٦ پێشمەرگە و گەریلای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهیدبوون

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هێزە چەکدارەکانی ئێران نزیکەی ١٥٠ کەس گیانیان لە دەست داوەو ٤٦ پێشمەرگە و گەریلای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە سنورەکانی رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان شەهیدبوون.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوەکە، لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا، لانیکەم ٤٨ تێکهەڵچوون لە کوردستان ڕوویان داوە کە بەشێکیان تۆپباران، مووشەکباران و تێکهەڵچوونی نێوخۆیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا ٩٧ ئەندامی سپای پاسداران، هێزی ئینتزامی و ئەندامی بەسیجی ئێران کوژراون و لە بەرانبەردا ٤٦ پێشمەرگە و گریلا گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها رێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە، دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە دیل گیراون.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ روونیکردووەتەوە، زیاترین تێکهەڵچوون لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە کە لە کۆی ئەو ٤٨ تێکهەڵچوونە ٢٠ حاڵەتی لە پارێزگای سنە ڕووی داوە. لە پارێزگای ئورمیە ١٨ حاڵەت و لەپارێزگای کرماشانی ٥ حاڵەتی تێکهەڵچوون ڕووی داوە و ٥ حاڵەتیش لە دەرەوەی سنوورەکان (ناوچە سنووریەکانی باشووری کوردستان و شاری کۆیە) بووە.
 



AM:11:22:03/01/2019