یەکەم لێدوانی بەرپرسێکی گۆڕان لە بارەی دەستگیرکردنەکانی یەکێتی و پارتییەوە

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەسەر دەستگیرکردنەکانی کادرانی پارتی و یەکێتی لە هەولێر و سلێمانی دەڵێت ئەمە تەنها سەرەتای قۆناغێکی تازەی حوکمڕانیە شکستخواردووەکەی هەرێمە.
کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراقی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند "هێشتا چیتان بینیوە..ئەمە تەنها سەرەتای قۆناغێکی تازەی حوکمڕانیە شکستخواردووەکەی هەرێمە کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی (٥/١٢) و (٩/٣٠)، حزبە دەسەڵاتدارەکان ( بەتایبەت پارتی) خۆیان بە براوە و بەهێزتر لەپێشوو دەزانن، ئەو ئەنجامە پڕ شەرمەزارییەی لەو هەڵبژاردنە بەدەستیانهێنا، بە (سەرکەوتن و شانازیی گەورە)ی دەبینن و پێیانوایە کە خەڵک شایەتی سەرکەوتوویی ئەزموونی حوکمڕانییەکەیانی بۆ داون، لەکاتێکدا نزیکەی (٦٠%)ی دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە، چجای ئەوانەی دەنگیان پێ نەداون".

کاوە محەمەد ڕەخنە لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەگرێت و دەڵێت "لەولاشەوە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان داهێزراون و دەیانەوێ بە بچووکی و لاوازییەوە خۆیان بخەنە باوەشی حوکمڕانیێکەوە کە هیچ ئومێدێکی خێری لێ ناکرێت، بۆیە پارتی و یەکێتی ئێستا بەوپەڕی بێ منەتی لەخەڵک و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، هەڵسوکەوت دەکەن و پێشبینی دەکەم ئەوەی پێشتر شەرم و ترسێکیان لێی هەبووبێت، ئیتر لەمەودوا بێ شەرمانە و چاوقایمانە لەدژی خەڵک و لەدژی یەکتر دەیکەن و بە نەفەسی شەڕی ناوخۆ، قیڕوسیا لەهەموو پرەنسیپ و بەرژەوەندییەکی گشتی دەکەن."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی "بۆیە ئەوەی ئێستا لەهەولێر روودەدات و هێزەکانی پارتی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی کادیرانی یەکێتی و راپێچی شوێنی نادیاریان دەکەن و ئەو هەڕەشانەی یەکێتی لەپارتی دەیکات، سەرەتای قۆناغێکی تازەی ململانێ ناشیرینە حزبییەکانی حوکمڕانانی هەرێمە و بەدوور نابینرێت کە رووداوەکانی داهاتوو زیاتر بە ئاراستەی دوو ئیدارەیی و گەندەڵی و تاڵانی و سازشی زۆرتر بۆ بەغدا و هێزە عیراقی و ئیقلیمییەکان بڕۆن و قۆناغێک بەڕێبکەن کە هێندە حزبیانە و بێ منەتانە بێت لەخەڵک و پرەسیپە نیشتیمانییەکان، رەنگە باشترین پێناسە بۆی ( قۆناغی بێ شەرمی سیاسی) بێت".



PM:08:21:03/01/2019