پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند کوڕەکەى ئەکبەرى حاجى ڕۆستەم بە بەپێی ماددەى ٢٦٤ ڕادەستى ئاسایشی سلێمانی کراوە.
عەلى قەدورى وتەبێژى پۆلیسی گەرمیان بە ئێن ئاڕ تی وتووە "پاش ئەوەى ئەکبەری حاجى ڕۆستەم لەگەڵ دوو کوڕى لەلایەن براکەیەوە بە تۆمەتى هەڕەشەى کوشتن سکاڵایان لەسەر تۆمارکرا و بە کەفالەت ئازادکران، سەرخێڵ ئەکبەر ڕۆستەم، لەلایەن دادگاى ئاسایشی سلێمانییەوە بەپێی ماددەى ٢٦٤ لە یاسای سزادانى عێراقى فەرمانى گرتنى هەبووە، دادوەرى لێکۆڵینەوەى کفرییش بڕیاریدا بە ناردنى تۆمەتبارەکە بۆ دادگاى ئاسایشی سلێمانى بۆ ڕادەستکردنى بە بنکەى پۆلیسی دادگاى سلێمانى".
وتیشی، براى ئەکبەر حاجى ڕۆستەم جگە لەو سکاڵایە سکاڵایەکى دیکەشی لەسەر براکەى و دوو برازاى دیکەى بە تۆمەتى تەقەکردن و بڕینى کارەباى باخەکەیان تۆمارکردووە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەکبەر حاجى ڕۆستەم دەستگیربکەن، چونکە لە ئێستادا لە سنورى گەرمیاندا نییە و نوسراویان بۆ پۆلیسی شارەکانى هەرێم کردووە کە لە هەر شوێنێک بینرا دەستگیری بکەن.