بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور ڕایگەیاند، بەشێک لەهێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەکشێنەوە.

ئاژانسی ئەڵمانی دی بی ئای لە زاری سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور بڵاویکردەوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بەشێک لەهێزەکانی ئەمەریکا کە پێشتر لە سوریا جێگیربوون و بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کورستان جوڵەیان کردووە.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو هێزەی ئەمریکا نزیکەی سەد ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورە بووە تابلۆی عێراقیان لەسەربووە و لەناو بارهەڵگرەکانیشدا کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی سەربازیان هەبووە لەگەڵ کۆمەڵێک کەرەستەی ئەندازیاری و سەربازی لە ناوچەکانی دەوروبەری دێرەزوور بوونە.

سەرچاوەکە ئەوەشی ڕونکردوەتەوە، ئەو هێزەی دەکشێنەوە بەهاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" دەبێت بەرەو دەروازەی سنوری سیمێلکا لە پارێزگای حەسەکە کە دەکەوێتە نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستانەوە جوڵەیان پێکراوە.

 ئەمەش دوای ئەوە هات ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانیکرد بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوخۆی سوریا کە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە.



PM:01:39:04/01/2019