پەکەکە بۆ یەکەمجار لەشەڕدا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاردەهێنێت

هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای سوپای تورکیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەکارهێناوە.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەلی باڵی سەربازی پەکەکە ڕایگەیاندووە، ١ی ئەم مانگە، دژی بارەگایەکی سوپای تورکیا لە ناوچەی ڕووبارۆکی قەزای شەمزینانی جۆلەمێرگ، هێزەکانیان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمب هەڵگری بەکارهێناوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان و بریندارانی سوپای تورکیا لەو هێرشانەدا بەردەست نەخراوە، لە بەرامبەردا سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی لە ناوچەکەدا کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر، موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، لە ساڵی نوێی  ٢٠١٩دا، لە دوای تێپەڕبوونی ٤١ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەکەکەدا، پارتەکە گۆڕانکاریی لە شێوازی شەڕی گەریلاکانی دەکات و پرۆژەی بونیادنانەوەی نوێ جێبەجێدەکات.



PM:04:41:04/01/2019