کێشەی ئەکبەری حاجی رۆستەم و کوڕەکانی یاساییە، یان سیاسی؟
سپی، زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە


چەند رۆژێکە کێشەی فەرمانی دەستگیرکردنی کەسایەتی دیاری پارتی لەناوچەی گەرمیان ئەکبەری حاجی رۆستەم و زیندانیکردنی کوڕێکی بۆتە کێشەیەکی سیاسی  وئەمنی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، هەرچی پارتییە چەند کادیرێکی یەکێتی لە دوو هەفتەی رابردوودا گرتووە، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر تەنها دانی بەدەستگیرکردنی یەکێکیاندا ناوەو دەڵێت" ئەو کادیرەی یەکێتی ( پێشڕەو وەیسی ) لە هەولێر بەهۆی کێشەی دەستگیرکردنی کوڕەکەی ئەکبەری حاجی رۆستەمەوە دەستگیرکراوە".

دوێنێ بۆ یەکەمجار دوای  تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر کۆتایی هاتن بە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی، جارێکی تر ئەو دیاردانە سەرلەنوێ دەرکەوتنەوە، ئەویش دەستگیرکردنی کادیر و لایەنەگرانی یەکتریە بەدەر لە فەرمانی دادوەرو بەهۆکاری سیاسی، دوێنێ پێنج شەممە هەردوو حیزبی حوکمڕانی کوردستان لە میدیاکانەوە یەکتریان تۆمەتبارکرد بەوەی کە کادیرو هەوادارانی یەکتریان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتری دەستگیرکردووە. هەرچی پارتییە یەکێتی تۆمەتبار دەکات کە ئاسایشی یەکێتی، کوڕێکی ئەکبەری حاجی رۆستەمی کادیری و پێشمەرگەی دێرینی ئەوانیان دەستگیرکردووە لە کاتێکێدا دادگا ئازادیکردووە، ئەوان رفاندوویانە. پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان لە زاری وتەبێژەکەیەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەستگیرکردنی " سەرخێل ئەکبەر" بەبڕیاری دادوەر گیراوە، لەلای پۆلیس و هەر بەبڕیاری دادوەریش لە سەر دۆسیەیەکی تر گواستراوەتەوە بۆ ئاسایش.

عەلی قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بەسپی راگەیاند " ئەو خێزانە ( ئەکبەری حاجی رۆستەم و کوڕەکانی ) نزیکەی شەش دۆسیەیان لەلای پۆلیسی گەرمیان هەیە، هەندێکیان ڕێوشوێنی یاساییان تەواوبووە، دوانیان ماون، یەکێکیان پەیوەندی بە ئەکبەر و سەروەتی کوڕیەوە هەیە کە تەقەیان لە هاوڵاتییەک کردووەو برینداریان کردووە، لە دادگا فەرمانی گرتن بۆ هەردووکیان دەرچووە بەپێی مادەی ٤٠٥ بڕگەی ٣١ ی یاسای سزادانی عێراقی، ئەم دۆسیەیە لە مانگی تەموزی ٢٠١٨ دا بوو، دوو دۆسیەی تر لەسەر ئەکبەر و دوو کوڕی هەیە، کە سکاڵاکار برایەکی ئەکبەر خۆیەتی کە هەڕەشەی کوشتناین لێکردووە. ( بەپێی زانیارییەکانی سپی براکەی کە داوای هەیە لەسەر ئەکبەر ئەویش لەرووی سیاسیەوە سەر بە پارتییە).

ئەو بەرپرسەی پۆلیسی گەرمیان کە پلەکەی رائیدە وتیشی" بەپێی مادەی ٤٣٠ فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە بۆ ئەکبەر و سەرخێل و نێچیرڤان و سەرخێل دەستگیرکران، بەڵام ئەکبەر هەڵهاتووەو ئێستا لەدەرەوە گەرمیان دادەنیشێت، دوو کەڕەکەی بەکەفالەت ئازاد کران. سەرخێل بە ٢٠ ملیۆن، نێچیرڤان بە ٥ ملیۆن کەفالەت ئازادکران".

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان وتیشی " سەرخێل ئازاد نەکرا، چونکە یاداشتێکی دەستگیرکردنی پێشتری لەسەر بوو لەلایەن دادگای ئاسایشی سلێمانیەوە، ئەو یاداشتی دەستگیرکردنە گەیشتبووە پۆلیسی گەرمیان، ئێمە ئەو یاداشتەی دادگای ئاسایشمان خستبووە بەردەم دادوەر تا دادوەر پێش دیاریکردنی چارەنووسی بەتەواوی، فەرمانی لەسەر دەربکات، ئەوە بوو فەرمانی گواستنەوەی بۆ لێکۆڵینەوەی یاسایی ئاسایشی سلێمانی دەرکرا، ئێمە بە دەستبەسەری گەیاندمانە بنکەی پۆلیسی دادگا لە سلێمانی، دیارە لەوێ گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی".

سەبارەت بەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ سەرخێل ئەکبەر، رائید عەلی قەدوری تەنها ئاماژەی بۆ مادە یاساییەکە کرد کە مادەی ٢٦٤ ی یاسای سزادانی عێراقییە، بەبێ روونکردنەوەی ئەو مادەیە. ( ئەو مادەیە ئەو کەسەی دزی، ئیختلاس، فەوتاندنی موستنەدات یان دۆکۆمێنت یان سجل و، دۆسیەی پەیوەندی بەدەوڵەتەوە یان دەسەڵاتە گشتیەوە ئەنجامدابێت، حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت). ( راڤەی مادەی ٢٦٤ی یاسای سزدانی عێراقی ١١١ ).( ماڵپەڕی سپی ).

رۆژی پێنج شەممە ٣ی کانوونی دووەم، تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە ماوەی ٢٠ ساڵە خەڵکی کوردستان بەرگوێی نەکەوتووە رایگەیاند "چەند رۆژێک پێشتر کوڕێکی ئەکبەری حاجی رۆستەم لە گەرمیان بە بڕیاری دادگا ئازادکراوە، بەڵام دواتر هێزێکی یەکێتی چوونەتەوە سەر ماڵی گەنجەکە بردوویانە و سۆراغی نییە، ئەو کادیرەی یەکێتی لە هەولێر بەهۆی ئەو کێشەوە دەستگیرکراوە". 

تاریق نووری وتیشی " تاوەکو کوڕەکەی ئەکبەری حاجی رۆستەم چارەنووسی دیارینەکرێ و ئازادنەکرێت، ئەو کادیرەی یەکێتیش ئازاد ناکرێت".

ئەوە لەکاتێکدا پێشڕەو وەیسی، هیچ تاوانێکی نییەو، تەنها لەبەرئەوە دەستگیرکراوە کە کادیرێکی یەکێتی یە.
 
بەپێی زانیاریەکانی سپی، سەرخێڵی ئەکبەر رۆستەم لەلایەن دادوەری ئاسایشی سلێمانیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لەسەر دۆسیەی هەڵۆ محەمەد ئەمین، ئەو مێردمنداڵە تەمەن ١٦ ساڵای شاری کفری کە سێ مانگ لەمەوبەر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراو، دواتر کەسوکارەکەی رۆژی سێشەممە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨، لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا و لەو دەمەدا بووبووە بەباتی میدیاکان.

ئەو منداڵە تۆمەتی ئەوەی درابووە پاڵ کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی دامەزراوە ئەمنی و رێکخراوەکانی یەکێتی یەوە هێرشیکردبووە سەر خەڵک و سووکایەتی پێکردبوون، دواتر ژمارەیەک پارێزەری خۆشبەخش وەک داکۆکیکار لەو مێرمنداڵە دۆسیەیەکەیان خستە سەر شانیان.

سپی زانیووویەتی ئەو تۆمەتەی لە ئاسایش خراوەتە پاڵ سەرخێل ئەکبەر، پەیوەندی بە دۆسیەی ئەو منداڵەوە هەیە کە ئەوی لە پشتبێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو دۆسیەیە ( دۆسیەی هەڵۆ محەمەد ئەمین ) لە دادگای ئاسایشی سلێمانییەوە جارێکی تر تەحویلی دادگا ئاساییەکانی گەرمیان کراوەتەوە. ( بۆیە دۆسیەکە لە ئاسایشەوە گواستراوەتەوە، واتە ئەو دۆسیەیە پەیوەندی بە تایبەتمەندی کاری ئاسایشەوە نییە ).( سپی ).

لە دوو هەفتەی رابردوودا ئاسایشی هەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری بەپێی قسەی رەشاد گەڵاڵی بەرپرسی کۆمیتەی مەخموری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بە سپی راگەیاند شەش کادیری ئەو حیزبە لە دەڤەری هەولێر دەستگیرکراون.

رەشاد گەڵاڵی بە سپی راگەیاند " لەچه‌ند رۆژی رابردوو له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ ٦ كادیرو ئه‌نداممان له‌سنوری مه‌خموورده‌ستگیركراون و تائێستاش چاره‌نوسیان نادیاره‌، ئەوانیش " غانم صباح نادر (فەرماندەی باڵا)، رێباز كمال عبدالله،ئەحمد ئیسماعیل عپمان، فەتحی صدیق عزیز، هه‌رێم رفعت (کارگێرکۆمیتە)، محەمەد رسول نامیق".

دوو مانگ لەمەوبەر پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند" لەدەڤەری راپەرین کادیرێکیان بەهۆکاری سیاسی دەستگیرکراوە، دوای ماوەیەک ئازاد کرا.

ئەو رووداوە نوێیانە لە کاتێکدایە کە یەکێتی و پارتی لەسەر زۆر خاڵی تایبەت بە بارودۆخی سیاسی و حوکمی و بەرژەوەندی هەردوولا لە دابەشکردنی پۆستەکان، ناکۆکی زۆر لە نێوانیاندا هەیەو بۆتە مایەی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم. 



PM:10:15:04/01/2019