پەیەدە نەخشە رێگایەک بۆ رێکەوتن لەگەڵ سوریا دەداتە روسیا

پەیەدە کە باڵی سیاسی یەکینەکانی پاراستنی گەلە، لەسەر رێکەوتنی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد، پرۆژەیەکی ئاراستەی کاربەدەستانی رووسیا کردووە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەدران چیا کورد، راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر راگەیاندووە " لە میانی سەردان و کۆبوونەوەی ئەمجارەی شاندێکیاندا بۆ رووسیا نەخشەڕێگەیەکیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریادا داوەتە لایەنی رووسیا و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن." 

راوێژکارەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی لەو بوارەدا رۆڵی نێوەندگیرێک بگێڕێت. 

لە درێژەی لیدوانەکەیەدا بەدران کورد دەڵێت "دواین بڕیار بریتییە لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق. ئێمە بەم ئاراستەیە کاردەکەین، بە بێ لەبەرچاوگرتنی باجەکەی، تەنانەت ئەگەر ئەمریکییەکانیش ناڕازی بن".

راوێژکارەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی رووسیا و دیمەشقدایە و دەتوانین دەست بە دیالۆگ بکەین". 

بەدران کورد گوتیشی، هەندێک لایەنی "نەریتخواز" لە دیمەشق دەیانەوێت گۆڕانکارییە سیاسییەکان فەرامۆش بکەن و "کۆنتڕۆڵ و کاریگەری" خۆیان بسەپێنن، ئەوەش لە رێگەی ئەو جۆرە رێککەوتننانەی بەسەر ناوچەکانی دیکەدا دەسەپێندران کە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنیان تێدابوو، بەڵام "ئەمە لە لایەن ئێمەوە رەتدەکرێتەوە". 

ئەو بەرپرسەی خۆسەر دەربارەی بڕیاری ئەمریکاش بۆ کشاندنەوەی هێواشی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا قسەیکرد و پێشوازی لەو هەنگاوە کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی ترەمپ پێش بڕیاری تایبەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی، ئەو بابەتەی لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر تاوتوێنەکردووە. 



PM:11:54:04/01/2019