شوان محەمەد: داواکاری گشتی بۆ بێدەنگە لەدەستگیرکردنی کەسانی بێ تاوان لەلایەن ئاسایشەوە

رۆژنامەنووس شوان محەمەد رایگەیاند" جێگەی سەرسوڕمانێکی گەورەیە داواکاری گشتی هەرێم بێدەنگە کاتیك بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دەڵێت" ئێمە کادیرێکی یەکێتیمان دەستگیرکردووە، بەرامبەر دەستگیرکردنی کادیرێکمان لەلایەن ئاسایشی سلێمانی یەوە".

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی سپی میدیا، شوان محەمەد وتی" داواکاری گشتی ئەگەر رۆژنامەنووسێک، یان چالاکونێکی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر پرسێکی پەیوەندیدار بە داواکاری گشتییەوە لێدوانێک بدات، دەمودەست یان داوای لەسەر تۆمار دەکەن، یان وەڵامی دەدەنەوە، بەڵام سێ رۆژە لەبەر کاری نایاسایی هەردوو ئاسایشی هەولێر و سلێمانی خەریکە دۆخی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ، بەڵام بێدەنگن و بە یەک وشەش نە ئەوان و دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم لیدوانێک، هەڵوێستێکیان نە نواندووە".

ئەو رۆژنامەنووسە کە سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیاشە، وتی " پێدەچێت داواکاری بە مافی گشتی  تەنها بە ‌هەڵقە لاوازەکەی کۆمەڵگا بوێرن کە رۆژنامەنووسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دادوەر و فەرمانبەرانی دەستەکەی خۆیانە، بەڵام بەرامبەر لایەنی ئەمەنی و باڵادەستی حکومەت و حیزب هیچ هەڵوێستێکیان نەبێت، ئەگەر کوردستان بەرەو هەڵدێریش ببەن".

شوان محەمەد وتیشی" ئێمە داواکارێکی گشتیمان دەوێت کە سەرەتا لەسەر سەرپێچیەکانی دەسەڵاتداران بێتە دەنگ، نەک رۆژنامەنووسێک بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە، یان کۆمێنتێکی نووسیووە لەسەر دەستەکەیان".

سەرنووسەری سپی میدیا وتیشی" هیوادارم لەسەر ئەم چەند دێرەش داواکاری گشتی هەرێم، داوامان لەسەر تۆمار نەکات، ئەگەر تۆماریشی دەکات، بەسەرەتا لەسەر بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی سلێمانی بیکات".



PM:10:18:05/01/2019